|
|
باسێك له سه‌ر زمانی زگماكی
7 / 2 / 2010
رضا امينى به‌شی دووهه‌م : ئێران، وڵاتێكی فره نه‌ته‌وه‌یی‌و سیستمی یه‌ك ده‌وڵه‌تی یه‌ك نه‌ته‌وه وڵاتی ئێران خاوه‌ن پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ئیتنیكی، زمانی، كولتووری‌و ئایینیی ره‌نگاڵه‌یه‌و زۆرتر له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست پێویستی به گرینگیدانی پرسی چهشناو چه‌شنیی زمانییه.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه نه‌ته‌وه‌كانی توورك، كورد، به‌لووچ، لۆر، عه‌ره‌ب، فارس‌و كه‌مینه ئیتنیكییه‌كانی مه‌سیحی، ئاشووری، ئه‌رمه‌نی‌و... پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی – ئیتنیكیی ئێران پێك دێنن به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته خۆسه‌پێنه‌كانی ئێران له سه‌د ساڵی رابردوودا ته‌نیا زمانی فارسییان به سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی ئێران داسه‌پاندووه‌و به‌شی هه‌ركام له نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌كان له بواری فه‌رهه‌نگییه‌وه، سفر بووه. سیستمی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ناوه‌ندگه‌را كه له سه‌ر بنه‌مای شوینیزمی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی فارس‌و له‌په‌راوێزخستنی نه‌ته‌وه‌كانی تر دامه‌زراوه ده‌ره‌تانی هه‌ڵدان‌و باڵاكردنی فه‌رهه‌نگه چهشناو چه‌شنه‌كانی ئێرانی به‌ربه‌ست كردووه. دیكتاتۆره‌كانی ئێران به بڕ‌وبیانووی پاراستنی ته‌واویه‌تی خاكی ئێران خۆیان له قه‌ره‌ی گه‌نجینه‌ی پڕپیت‌و به‌ره‌كه‌تی فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاته نه‌داوه‌و به‌وه‌نده‌ش نه‌وه‌ستاون به‌ڵكوو بنه‌مای فه‌رهه‌نگ‌و رۆشنبیریی گه‌لانی بنده‌ستی ئێرانیان خاپوور كردووه. ره‌زا خان، ئامانجه‌كانی شۆڕشی مه‌شرووته‌خوازیی (1906 ز) كه له گه‌ڵ خۆی دا دیسكۆرسی فره فه‌رهه‌نگ گه‌رایی هێنابوو ، له ناو برد. له گه‌ڵ هاتنی ره‌زا خاندا قه‌واره‌ی سیستمی كۆمه‌ڵگای ئێران كه چه‌شنێك فیدرالیزمی نه‌ریتی بوو له به‌ر یه‌ك هه‌ڵ وه‌شا، ژێستی ئاریائیزمی ره‌زا خانی میرپه‌نج به‌رهه‌مه‌كه‌ی دامه‌زراندنی وڵاتی ناوه‌ندگه‌رای ئێران بوو‌و بوارخۆشبوون بۆ دروشمی یه‌ك وڵات یه‌ك نه‌ته‌وه كه ئاڵاهه‌ڵگره‌كه‌ی هه‌ر ئه‌و بوو به ئه‌نجام گه‌یشت. ئه‌م دروشمه ده‌ستی هێرشكارانه‌ی بۆ سه‌ر نه‌ته‌وه غه‌یره فارسه‌كان ئاوه‌ڵاكرد‌و به‌م جۆره ئیراده‌ی راسیستی به سه‌ر جیاوازیخوازیی فه‌رهه‌نگی دا زاڵ بوو‌و ئه‌مه‌ش به سه‌رتایه‌كی نوێ له ده‌سپێكی ره‌وشی ژینۆسایدی سپی دێته ئه‌ژمار كه دیكتاتۆری دوای ره‌زاخانیش واته ره‌زا په‌هله‌وی سه‌رله‌نوێ بۆ وه‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه م ره‌وشه درێژه‌پێده‌ر‌و په‌ره‌پێده‌ری سیاسه‌تی زاڵكردنی نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی فارس بوو. له گه‌ڵ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی، كۆماری ئیسلامی پتر له هه‌ر دوو دیكتاتۆر هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی زمانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی دا‌و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به هێنانی ئیدئۆلۆژیی پان ئیسلامیستی كه له بنه‌مادا دژایه‌تیی له گه‌ڵ هه‌ر زمان‌و فه‌رهه‌نگێكی تره بیرۆكه‌ی "امت واحد اسلامی" كرده گۆپاڵی سه‌ركوتی فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌كان. تێكه‌ڵاوكردنی دین‌و ده‌وڵه‌ت‌و به‌كارهێنانی له كرده‌وه‌دا و ئامانجی هه‌ناردنی شۆڕشی ئیسڵامی بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێران له راستی‌دا كپكردنی ده‌نگ‌و ره‌نگ‌و زمانه‌كانی غه‌یره فارسی بوو. ئه‌م دۆخه ناله‌باره ده‌رگای نیوه‌كراوه‌ی په‌ره‌گرتوویی فه‌رهه‌نگیی گه‌ڵانی ئێران كه به هۆی خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی ئه‌وانه‌وه و له شۆڕشی مه‌شرووته‌وه ده‌ستی پێ كردبوو و له به‌رانبه‌ر دوو سیستمی په‌هله‌ویدا به‌ربه‌ره‌كانێی كردبوو‌و له گه‌ڵ شۆڕشی گه‌ڵانی ئێران له ساڵی 1357دا ده‌ڵاقه‌ی روو له رزگاریی به سه‌ردا كرا بۆوه به هاتنی كۆماری ئیسلامی به هه‌میشه پێشكه‌وتنی زمانی زگماكی ده‌رگای له سه‌ر گاڵه درا. تایبه‌تمه‌ندیی مه‌ترسیدار له‌و باره‌وه ئه‌وه‌بوو كه به ناوی ئیسلام‌و ئایینه‌وه ئه‌م جیاوازییانه ده‌ره‌تانی خاپووركرانیان به یاسایی كرا. دوو به‌ندی 15و19 له یاسای بنه‌ره‌تیی ئێران‌دا گونجێندران ئه‌ویش ته‌نیا له چوارچێوه‌ی دروشم‌دا له حه‌قیقه‌تدا ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ش به‌رهه‌می خه‌باتی گه‌لانی بنده‌ست له ساڵه‌كانی 57و58دا بوو و كۆماری ئیسلامی ویستی له‌م رێگه‌وه خۆ له چه‌نگ ئه‌و قه‌یرانه ده‌رباز بكا . به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌م وته‌یه‌ش جێبه‌جێ نه‌بوونی ئه‌م دوو به‌نده له یاسای بنه‌ره‌تیی ئێرانه چوونكه پێیان وابووه جێخستنی ئه‌و به‌ندانه زیان به له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئیمپراتۆرییه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌نووكه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر نه‌ته‌وه‌ی تر له ئێراندان‌و غه‌یره فارسن به‌ڵام زمانی فه‌رمیی ئه‌و وڵاته فارسییه‌و له ناوچه جیاوازه‌كاندا مافی خوێندن‌و نووسین به زمانی زگماكی له سیستمی په‌روه‌رده‌و بارهێناندا یاساغه. ئاكامی سیاسه‌تی یه‌ك زمان، یه‌ك نه‌ته‌وه، یه‌ك وڵاتی ناوه‌ندگه‌را له درێژه‌ی ئه‌م نزیك به هه‌شتا ساڵه‌دا بۆته هۆكاری كێشه‌و گرفتگه‌لی نه‌ته‌وه‌یی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌رین كه زیانه‌كانی به ئاسانی قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌و ئه‌م دۆخه نارێك‌وپێك بوونی هه‌ڵدانی ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی‌و...ی پێك هێناوه‌و ناعه‌داله‌تیی به‌رچاو به كۆمه‌ڵگای ئێرانه‌وه دیاره. منداڵانی غه‌یره فارسی ئێرانی له رۆژی یه‌كه‌می چوونیان بۆ قوتابخانه له زمانی زگماكی بێ به‌شن. ناچارن به زمانی بێگانه ده‌رس بخوێنن ئه‌وه‌ش بۆته هۆی لێ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی شوناس‌و كه‌سایه‌تییان‌و دابڕان له كۆمه‌ڵگا‌و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان. گرفته‌كانی پێوه‌ندیدار به‌و كه‌شه ناسالمه گه‌لێك زۆرن به چه‌شنێ كه ئه‌و منداڵانه ناتوانن ئۆگری بنه‌ماییان به فیربوونی زانست هه‌بێ. بۆیه ئاستی رۆشنبیرییان لاواز ده‌بێ‌و به زه‌حمه‌ت به‌و زمانه نادایكییه‌یان ده‌توانن زانیاری‌یان به‌رنه سه‌ر. ئه‌م دۆخه ناته‌ندرووسته فه‌رهه‌نگییه لانی كه‌م تا بڕینی قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندن به‌رده‌وامه و له ئاسته‌كانی سه‌ره‌وه‌تریش شوێندانه‌ریی نه‌رێنیی خۆی هه‌ر داده‌نێ. مامۆستا‌و قوتابییانی غه‌یره فارس به تامه‌زرۆیی‌یه‌وه له پۆله‌كاندا ناتوانن ئاڵ‌ووێڕی زانست بكه‌ن، چوونكه متمانه‌یان به زمانی بێگانه نیه. ته‌نیا رێكاری ده‌ربازبوون له و قه‌یرانه گشتییه، ئیراده‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بۆ چه‌سپاندنی مافی زمانی زگماكییه. به فه‌رمیبوونی ئه‌م گرینگییه به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی ئێران بۆ ژیانی ئاسووده و به دوور له چه‌وسانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی مسۆگه‌ر ده‌كا. به بۆنه‌ی 2ی ره‌شه‌ممه، رۆژی جیهانیی زمانی زگماكی كۆتایی به‌شی دووهه‌م تێبینی:سه‌رچاوه‌كان له كۆتایی به‌شی سێهه‌م دا ئاماژه‌یان پێ كراوه. Reza.amini58@gmail.com
|
بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟
ناو:
ئیمه‌یل:
تکایه به کیبۆڕدی یونی‌کورد بنووسه
|
|
25ی گه‌لاوێژ
|
|