پێدانی ده‌وری سه‌ر‌ۆکایه‌تی به کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د{لهPAK دا} شتێکی پڕ مانا بوو
28 / 1 / 2010
ده‌قی وته‌کانی به‌ڕێز حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی PAK له رێوره‌سمی 2 رێبه‌ندانی 2709 (به نووسین)
خوشک و برایانی خۆشه‌ویست
تێکۆشه‌رانی ژن و پیاوی ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان
ئه‌مڕۆ رۆژێکی زۆر گه‌وره‌یه له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا؛ رۆژێک که پێویسته تاک به‌تاکی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و له هه‌ر کوێیه‌ک که هه‌ن شانازی پێوه‌بکه‌ن و هه‌ستی باوه‌ڕ به‌خۆبوون لای خۆیان ده‌مه‌زه‌رد بکه‌نه‌وه. ئه‌مڕۆ رۆژی 2ی رێبه‌ندان رۆژی به‌ده‌وڵه‌ت بوونی کورده. ڕاست 64 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ڕۆژێکی ئاوادا و به که‌شو هه‌وایه‌کی ئاوا ساوه‌وه پاش ماوه‌یه‌ک زه‌مینه‌و بوار بۆ خۆشکردن نه‌ته‌وه‌که‌مان به رێبه‌رایه‌تی پێشه‌وای نه‌مر له مه‌یدانی چوارچرای شاری مهاباد له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دا بڕیاریاندا به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان.
ده‌وڵه‌تی جمهوری کوردستان شتێکی کت‌وپڕ نه‌بوو، به‌ری ده‌یان ساڵ خه‌باتی پڕ قوربانی وپڕ هه‌ورازو نشێوی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو. کۆماری کوردستان به‌رهه‌می خه‌بات و گیانبازی وقاره‌مانه‌تی و بیری میر به‌درخانی بۆتان و شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی و سه‌ید ره‌زا و سمایل ئاغای سمکۆو ئێحسان نووری پاشا و شێخ مه‌حمودی نه‌مر بوو. به‌ری بیر‌و فکری فه‌یله‌سوفی گه‌وره‌ی کورد خانی بوو. به‌ری خه‌بات و قوربانیدانی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو که هه‌رگیز سه‌ریان بۆ داگیرکه‌ران و دابه‌شکه‌رانی نیشتیمان دانه‌نه‌واندو له هه‌ر پارچه‌یه‌کی کوردستان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک که پێیانکرا به‌رانبه‌ر ئه‌و غه‌دره‌ی مێژوو لێی کردبوون راوه‌ستان و به‌خه‌بات و قوربانیدان ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان پاراستبوو. هه‌روه‌ها کۆمار به‌رهه‌می بیری گه‌وره سه‌رکرده‌یه‌کی وه‌کوو پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د بوو،که ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی هه‌ڵکه‌وتبوو وه‌ها قۆسته‌وه که بۆ هه‌میشه کورد شانازی پێوه‌بکاو به زیندوویی بیهێڵێته‌وه. هه‌ر له‌و کاته‌شدا به‌رهه‌می ئیراده‌و ویستی ره‌وای نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو که ده‌یویست وه‌کوو گه‌لانی به‌خته‌وه‌ری دنیا به ئازادی و به‌سه‌ربه‌خۆیی بژی.
به‌دامه‌زرانی کۆماری کوردستان نه‌ته‌وه‌ی کورد له به‌شێک له نیشتمانه‌که‌یدا رزگار بوو و داگیرکه‌ری وه‌ده‌رناو له‌هه‌موو گرینگتر خۆی له ده‌وڵه‌تی شاهه‌نشاهی ئێران جیاکرده‌وه. کۆمار ئه‌ڕته‌شی پێشمه‌رگه‌ی دامه‌زراند، له‌ماوه‌یه‌کی11مانگی‌دا که بۆ ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌کجار که‌مه، هه‌نگاوو قه‌ڵه‌مبازی گه‌وره‌ی هاویشت، زبانی دایکیمان کرایه ره‌سمی، خوێندن ڕمێنی پێدرا، هونه‌رو شێعر‌و ئه‌دبیات و شانۆ‌و سینه‌مای کوردیی له ماوه‌ی ئه‌و 11 مانگه‌دا ده‌وری خۆیان گێڕا، ئه‌و چین و توێژانه‌ی که تا پێش کۆماری کوردستان ده‌رفه‌تی هاتنه مه‌یدانیان پێ نه‌درابوو هاتنه مه‌یدان و وه‌کوو به‌شێک له کۆمه‌ڵگای گشتی کورده‌واری تواناکانی خۆیان بۆ سه‌رکه‌وتن و بۆ پێشکه‌وتنی کوردستان ته‌رخان کرد.
به‌دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان ناکۆکی وچه‌ن به‌ره‌کی نێوان ریزه‌کانی کورد کۆتایی هات، له‌و هه‌رێمه‌ی که کۆماری لێ دامه‌زرابوو ئاشتی و خۆشه‌ویستی ویه‌کتر ویستن گه‌ڕایه‌وه نێو کۆمه‌ڵی کورده‌واری و شه‌ڕو ناکۆکییه‌ک که دوژمن هه‌وڵی ده‌دا په‌ره‌ی پێبداو ئه‌و تۆوه‌ی که له‌نێو خه‌ڵکدا چێنرابوو بۆ ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی کۆتایی پێ هێندرا. به دامه‌زرانی کۆمار کورد نه‌ک هه‌ر هه‌ستی به ئازادی کرد، به‌ڵکوو هه‌ستی به هه‌بوونی خۆی کرد، هه‌ستی به سه‌ربه‌رزی و سه‌روه‌ری خۆی کرد. به‌هه‌ق دامه‌زرانی کۆمار گیانێکی تازه‌ی کرده‌وه به به‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورددا.
خوشک وبرایانی ئازیز
له‌پاش کۆتاییه‌کانی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی ته‌رتیباتێکی سیاسی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست درا که نه‌ته‌وه‌ی کوردی خسته زیندانێکی قایمه‌وه؛ بزووتنه‌وه‌و راپه‌ڕینی گه‌لی کورد له‌هه‌موو پارچه‌کانی به خوێناوی‌ترین شێوه سه‌رکوت کرابوو، رێبه‌رانی کورد له‌سێداره درابوون، رێکه‌وتنامه‌یه‌ک به‌ناوی رێکه‌وتنامه‌ی "سه‌عدئاباد" له تاران ئیمزا کرابوو که سه‌نه‌دی هاوپه‌یمانییه‌تی وهاوکاری نێوان ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان وده‌وڵه‌تی ئینگلستان بوو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی گه‌لی کورد، بۆ له زیندان هێشتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد وبۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت وسامانی کورد بدزرێ وبه‌تاڵان ببردرێ. په‌یماننامه‌یه‌ک ئیمزا کرابوو که به‌میلیارد پووڵی تێچووبوو، ئه‌رته‌شی پڕ زه‌بروزه‌نگی بۆ رێکخرابوو، ده‌وڵه‌ت وزیندان وهه‌موو ئامرازه‌کانی سه‌رکوت وداگیرکه‌ری بۆ پێکه‌وه‌نرابوو. به‌ڵام کۆماری کوردستان ته‌واوی ئه‌و ته‌رتیباته‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و نه‌خشه‌ی داگیرکه‌رانی بۆ تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد پووچه‌ڵکرده‌وه و به‌فیڕۆیدان و ده‌ریخست نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌گه‌ر له ژێر هێرش وزه‌بروزه‌نگ وسه‌رکوتدا بشکێت به‌لام کۆڵ نادا‌و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێک که‌بۆی بڕه‌خسێ جارێکی دیکه هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌و ئاڵای خۆی هه‌ڵده‌کاته‌وه. کۆمار به‌ڵگه‌ی ئه‌و کۆڵنه‌دانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بوو، بۆیه پایته‌ختی کۆمار بووه مه‌ڵبه‌ندی پشت به‌پشت یه‌که‌وه‌نانی کورد، بووه مه‌ڵبه‌ندی قۆڵ له‌قۆڵ یه‌ک کردنی سه‌رکرده‌و تێکۆشه‌ره‌کانی کورد له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان. هه‌ر بۆیه به‌هه‌ڵکه‌وت نه‌بوو که سه‌رکرده‌ی شۆڕشی بارزان وهێزه‌کانی بارزانی نه‌مر له‌و کۆماره‌دا به‌فه‌رمی پێشوازییان لێکراو{بارزانی} فه‌رمانده‌یی هێزی رزگاری گه‌لی کوردی وه‌ئه‌ستۆ گرت. تێکۆشه‌رانی کورد له پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه‌وه ده‌ستی هاوکاریان له‌گه‌ڵ پێشه‌وا ناو خۆیان بۆکۆمار ته‌رخانکرد. ئه‌وه به به‌ر چاوی چوار ده‌وڵه‌تی ناوچه‌که‌وه بوو، به‌بێ پرینگانه‌وه، به‌بێ ترس و به‌بێ سڵه‌مینه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌و ده‌وڵه‌تانه فشار بخه‌نه‌سه‌ر پێشه‌واو کۆماری کوردستان.
هه‌ر وه‌کوو عه‌رزم کردن 11 مانگ بۆ ژیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یه‌کجار که‌مه، به‌ڵام له‌و 11 مانگه‌دا کاری ئه‌وه‌نده کرا که دوای رووخانی کۆماریش له هه‌موو بزووتنه‌وه‌کانی کورد دا له‌هه‌موو پارچه‌کانی وئێستاش له باشووری کوردستان دا که حکومه‌ت وپارله‌مانی هه‌یه به‌شێکی زۆر له ره‌مزو هێماکانی کۆمار زیندوون؛ له‌وانه ئاڵای کوردستان، ناو و هێزی پیرۆزی پێشمه‌رگه، سروودی نه‌ته‌وایه‌تیمان، سروودی" ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی کورد زمان نایشکێنێ دانه‌ری تۆپی زه‌مان".
خوشک وبرایانی به‌ڕێز
پارتی ئازادیی کوردستان نه‌ک هه‌ر2ی رێبه‌ندان و دامه‌زراندنی کۆماره‌که‌مان به‌رز وپیرۆز راده‌گرێت، به‌ڵکوو هێندێک خوێندنه‌وه‌ی ته‌یبه‌تی بۆ ئه‌و کۆماره هه‌یه، که له‌لایه‌که‌وه به‌رپه‌رچی سیاسه‌ت و بانگه‌شه‌ی دوژمنه‌کانمان ده‌داته‌وه‌و له لا‌یه‌کیشه‌وه نادروستی هێندێک خوێندنه‌وه‌ی نێو بزووتنه‌وه‌ی کورد ده‌سه‌لمێنێ. دوژمنه‌کانمان فێربوون حه‌ول بده‌ن سه‌رکرده‌کانمان سووک بکه‌ن، بوختان ودرۆیان بۆ هه‌ڵبه‌ستن. ئه‌گه‌ر جه‌سته‌یان پێ تێرۆر کرا باشه ده‌نا که‌سایه‌تیان حه‌ولده‌ده‌ن تیرۆر بکه‌ن. هه‌روه‌ها حه‌ول ده‌ده‌بن خه‌باتمان، تێکۆشانمان و ده‌سکه‌وته‌کانمان به کاری بێگانه وبه ده‌سکردی بێگانه دابنێن. خوێندنه‌وه‌ی دوژمنانی کورد بۆ کۆمار ئه‌وه بووه وئێستاش درێژه‌ی هه‌یه که کۆمار به ده‌سکردی یه‌کێتی سۆڤیه‌ت دامه‌زراوه‌و ئه‌و کۆماره ویستی خه‌ڵک نه‌بووه و له ده‌ره‌وه‌ڕا رێکخراوه. ئه‌مه درۆیه‌کی زۆر ڕوونه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کۆماری کوردستان بڕیارێکی کت‌وپڕ نه‌بوو. پێش کۆماری کوردستان هه‌ر له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان 20 ساڵ نه‌ته‌وه‌ی کورد به به‌ڕێبه‌رایه‌تی سمکۆی نه‌مر له شه‌ڕێکی خوێناویدا بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕه‌زاشا. له پارچه‌کانی دیکه کوردستان کورد میرو میرنشینی هه‌بوو، شۆڕشی گه‌وره‌ی هه‌بووه، شۆڕشی گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ سه‌ربه‌خۆیی وه‌کوو شۆڕشی به‌درخان، وه‌کوو شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری، وه‌کوو شۆڕشی ئێحسان نووری پاشا که کۆماری ئاراراتیان له شاخه‌کانی ئارارات دامه‌زراندبوو. کاتێک که ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ نووسراوه‌کانی ئه‌و ده‌م و وته‌کانی جه‌نابی پێشه‌وا، ده‌رده‌که‌وێ که پێشه‌وا به پشت به‌ستن به‌و ڕابردووه ئه‌و بڕیاره‌ی داوه و شاره‌زاو ئاگادار بووه له‌و ڕابردووه؛ به‌رده‌وام باسی له خه‌باتی کورد کردووه، به‌رده‌وام باسی له ئه‌زموونه‌کانی ڕابردووی کورد کردووه، به‌رده‌وام باسی له سه‌رکرده نه‌مره‌کانی کورد کردووه. بۆیه کۆمار ڕووداوێک نه‌بووه کت‌وپڕ له لایه‌که‌وه قورمیش کرابێ ودامه‌زرابێت، به‌ڵکوو هه‌ڵقوڵاوی ئیراده‌ی گه‌لی کوردبوو. له‌لایه‌کی دیکه‌وه درێژه‌دانی رێگای پێشه‌واو کۆمار، به‌رده‌وامیی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌موو پارچه‌کانیدا، شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای کۆمار، زیندوومانه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی ره‌قیب، مانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه، هه‌موو ئه‌وانه ده‌یسه‌لمێنن که کۆماری کوردستان ڕیشه‌ی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵی کورده‌واری و له بیروهه‌ستی مرۆڤی کوردا بووه و ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ش بۆ ڕێزگرتن له دامه‌زراندنی کۆمار ده‌یسه‌لمێنێ که کۆمار چه‌نده هه‌ڵقوڵاوی کۆمه‌ڵی کورده‌واری وهه‌ست وبیری ڕه‌سه‌نی ئه‌م میلله‌ته بووه. پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د سه‌ربه‌خۆیی کۆمار‌و بڕیاری کوردی نه‌ک ته‌نیا به‌رامبه‌ر تاران پاراست، به‌ڵکوو ئه‌وه خاڵێکی گرینگه که سه‌رنجی بده‌ن، پێشه‌وا کۆماری کوردستانی به‌رانبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌و ده‌می یه‌کێتی سۆڤیه‌تیش پاراست. چوونکه له‌و ده‌مه‌دا یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ڕێگای کۆماری ئازه‌ربایجانه‌وه سیاسه‌تی ئه‌وه بوو که کۆماری کوردستان ته‌نیا ناوچه‌یه‌کی خودموختارو ئوتۆنۆمی بێ له‌چوارچێوه‌ی کۆماری ئازربایجانی ئێران‌دا، به‌ڵام پێشه‌وا ئه‌وه‌ی له زل هێزێکی جیهانی قبووڵ نه‌کرد. که‌واته ئه‌وه درۆیه‌کی رۆشنه که دوژمنان ده‌یانه‌وێ کۆمار به‌ده‌سکردی بێگانه بناسێنن. که‌سانێک ئه‌و بوختانه بۆ گه‌لی کورد هه‌ڵده‌به‌ستن، که‌سانێک کۆمار به‌ده‌سکردی بێگانه ده‌زانن و شۆڕشه‌کانی کورد به‌ده‌سکردی بێگانه داده‌نێن و ته‌نانه‌ت ئه‌م حکومه‌تی کوردستانه‌ش له‌و پێناسه‌یه به‌ده‌ر ناکه‌ن که خۆیان هه‌موو مان و بوونیان به بڕیاری ده‌ره‌کی بووه. هه‌ر له ئێران‌دا ره‌زا شای په‌هله‌وی کێ هێنایه سه‌رکار؟ کێ ده‌وڵه‌ت وئه‌رته‌شی بۆ پێکه‌وه‌نا؟ مه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئینگلستان نه‌بوو که کوده‌تای بۆ ره‌زا شا رێکخست وده‌وڵه‌تی تازه‌ی ئێرانی دامه‌زراند، مه‌گه‌ر راوێژکاران و کاربه‌ده‌ستانی رۆژئاوایی هه‌تا ئاخرین رۆژه‌کانی ته‌مه‌نی رژیمی شاهه‌نشاهی له ئێران‌دا هه‌مه‌کاره‌و کاربه‌ده‌ستی حه‌یاتی ئه‌و ده‌وڵه‌ته نه‌بوون؟ ئه‌ی تورکیه کێ دایمه‌زراند؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیای که‌مالی له ئاکامی سات وسه‌ودا به نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه نه‌بوو،له ئاکامی ئه‌وه‌دا نه‌بوو که حکومه‌تی مه‌لیکی شێخ مه‌حمود پشتگیری لێ نه‌کرێ و هێرش بکرێته سه‌ری و مافێک که کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بۆ کوردی له "په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر"دا سه‌لماندبوو زینده به‌چاڵ بکه‌ن له نێوان تورکیه وبریتانیادا؟ ئه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق کێ دایمه‌زراند بێجگه له ئینگلستان؟ ئه‌ی ده‌وڵه‌تی سوریه کێ دایمه‌زراند؟ بانگه‌شه‌و ته‌بلیغاتی دوژمنه‌کانی کوردبۆ ئه‌وه‌یه کورد ده‌ستی به دۆستی نێوده‌وڵه‌تی رانه‌گا، بۆئه‌وه‌یه حه‌ول نه‌ده‌ین له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا دۆستمان هه‌بێ و پشتیوان بۆ خۆمان په‌یدا بکه‌ین، هه‌ر بۆیه زۆر سه‌یره که‌سانێک بوختانی به‌ستراوه‌یی بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه هه‌ڵببه‌ستن که هه‌موو بوونی خۆیان، سه‌روه‌ریان، حاکمیه‌تیان، ده‌سه‌ڵاتیان، ئه‌رته‌شیان، ده‌وڵه‌ت وقه‌واره‌یان هه‌مووی له‌لایه‌ن زل هێزه‌کانه‌وه دانرابێت.
ئێمه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی دیکه‌ش، خوێندنه‌وه‌ی نادروستی دیکه‌ش له نێو خودی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا ڕووبه‌ڕووین له‌سه‌ر کۆماری کوردستان و زۆرجار زوڵمێ له کۆمار کراوه که ئه‌و جۆره‌ی که بووه نه‌ناسێندراوه، به‌ڵکوو به‌پێی مه‌سڵه‌حه‌ت وبه‌رژه‌وه‌ندی رۆژگار، کۆماری کوردستان باسکراوه و هه‌ڵسه‌نگێندراوه. له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی کۆمار هه‌تا ئێستاش به کۆمار ده‌گوترێ " کۆماری خودموختار". له حاڵێکدا کۆمار ده‌وڵه‌تێک بوو، ئه‌گه‌ر هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بێت ته‌نیا سوێنده‌که‌ی جه‌نابی پێشه‌وا به‌سه بۆئه‌وه‌ی روونبێته‌وه ئه‌و قه‌واره‌یه چ بووه. کاتێک که سوێند ده‌خوا به‌خوداو به‌که‌لامی عه‌زیمی خودا که پارێزه‌ری ئیستقلال و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بێت، تۆ بڵێی که‌سایه‌تییه‌کی ژیر‌و خوێنده‌واری وه‌کوو پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د که دووسێ هه‌زار کتێبی ئه‌و ده‌م له کتێبخانه‌که‌یدا هه‌بووه نه‌زانێ نێوان سه‌ربه‌خۆیی وخودموختاری لێکبکاته‌وه؟ بێجگه له‌وه ئه‌و رێپۆرتاژانه‌ی که رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی ئه ده‌م له‌ڕۆژی 2 رێبه‌ندانیان نووسیوه سه‌ردێره‌که‌ی ئه‌وه‌یه:"جێژنی ئیستقلال وسه‌ربه‌خۆیی کوردستان". له‌وه‌ش بترازێ چۆن ده‌کرێ کۆماری کوردستان به خودموختار ناو ببردرێ له‌حاڵێکدا جۆری ده‌وڵه‌ته‌که‌شی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی جیابوو؟ له ناوه‌ند رێژیمی پاشایه‌تی هه‌بوو له کوردستان سیسته‌می جمهوری دانرا. له هیچ کوێی دونیا نه نموونه‌ی وابووه و نه‌ده‌شبێته‌وه که له ناوه‌ند سیسته‌م پاشایه‌تی بێ وله شوێنێکی دیکه‌ی هه‌ر ئه‌و وڵاته سیسته‌م کۆماری بێت. پاشان کۆماری کوردستان قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تی رێکخستووه. سه‌رکۆماری هه‌بووه، کابینه‌ی وه‌زیرانی هه‌بووه، ئه‌رته‌شی هه‌بووه، له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه سیاسه‌تی کردوه‌و پێوه‌ندی هه‌بووه، پێوه‌ندی بازرگانی دامه‌زراندووه له‌گه‌ڵ ده‌ورووبه‌ری. بۆیه ڕه‌وا نییه ده‌وڵه‌تێکی مۆدێرنی کورد به‌ناوچه‌یه‌کی خودموختارو ئۆتۆنۆمی یان به قه‌واره‌یه‌کی خودموختار نێو ببردرێت.
سنووربه‌ندییه‌کی دیکه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ دۆستانمان له‌سه‌ر شکستی کۆماره. ئه‌ده‌بیاتی پاش کۆمار هه‌تا ئێستاش باس له‌وه ده‌کا که کۆماری کوردستان له ئاکامی که‌م و کووڕی نێوخۆیی و شتی له‌و بابه‌ته تێکشکاوه. له‌حاڵێکدا راست به‌پێچه‌وانه‌وه کۆمارێک که له 11 مانگدا توانیبێتی ئه‌م هه‌موو پێشکه‌وتنه نیشان بدا، غه‌درێکی گه‌وره‌یه که له شایسته‌یی و لێهاتوویی سه‌رکۆماره‌که‌ی و وشیاری خه‌ڵکه‌که‌ی که‌م بکرێته‌وه. کۆماری کوردستان له‌ئاکامی سیاسه‌تی جیهانی تێکشکا. کۆمار له‌ئاکامی سه‌ودای نێوان یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌لایه‌ک و یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئێران له‌لایه‌کی دیکه‌وه تێکشکا. ده‌نا له‌ئێراندا کێ شایسته‌تر له پێشه‌وا بوو؛ ره‌زا خانی په‌هله‌وی؟ ره‌زا خانێک که نۆکه‌ری ژ‌نه‌ڕاڵ وئه‌فسه‌ره‌کانی ئه‌رته‌شی ئینگلستان بوو؟. به‌ڵام کورد پێشه‌وایه‌کی حه‌کیم وزانای هه‌بوو که من چه‌ندجارێک له‌گه‌ڵ سوقرات موقایسه‌م کردووه. ئه‌وه تێکچوونی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به زه‌ره‌ری کورد بوو که کۆماری رووخاند، سه‌ودای نه‌وتی نێوان سۆڤیه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئێران بوو کۆماری تێدا کرایه قوربانی، هه‌رچه‌ند ئێستا ئه‌گه‌ر باس له رۆژه‌کانی رووخانی کۆمار ده‌که‌ین خۆزگه ده‌خوازین کۆماری کوردستان بیتوانیبایه سیاسه‌تی به‌ره‌نگاری ومقاومه‌تی به‌رانبه‌ر هێرشی ئه‌رته‌شی شاهه‌نشاهی بگرتبایه‌ته‌به‌ر. ئه‌زموونی شه‌ڕی قاره‌مانانه‌ی بارزانیه‌کان به‌فه‌ر‌مانده‌یی بارزانی نه‌مر ده‌یسه‌لمێنێ که ئه‌رته‌شی شا ئه‌وه‌نده په‌رپووت بوو که ئه‌گه‌ر هێزێکی لێهاتوو لێی وه‌کار بکه‌وتبایه دوور نه‌بوو ته‌رازووی هێز به‌قازانجی کۆمار‌و کورد بسووڕایه.
خاڵی دیکه‌ی تایبه‌تمه‌ندی PAK و سنوربه‌ندی ئێمه له‌سه‌ر درێژه‌دانه به کۆمار. کۆمار به ویستی نه‌ته‌وه‌ی ئێمه دامه‌زرا، به‌ڵام به پیلانی نێوده‌وڵه‌تی و به‌هێرشی دوژمنی داگیرکه‌ر رووخێندرا. که‌واته ئه‌و کۆماره به بڕیاری خه‌ڵک هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه،{شه‌رعیه‌تی} ئه‌و بڕیاره له‌جێی خۆیه‌تی. هه‌ر ئه‌وه بوو که پارتی ئازادیی کوردستان له‌یه‌که‌م ساڵه‌کانی له دایک بوون و وه‌سه‌رپێکه‌وتنی، سیاسه‌ت و ئامانجه‌کانی کۆماری گرته‌وه‌به‌ر و له‌یه‌که‌مین گۆنگره‌ی خۆیدا درووشمی ناوه‌ندی خۆی و ئامانجی دیاریکراوی خۆی کرده دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستان. دیاریکردنی ئه‌و ئامانجه بۆ هێزه سیاسیه‌کان وبۆ گه‌لی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌توانێ هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان له‌یه‌ک نزیک بکاته‌وه‌و بیانکاته هاوپه‌یمانی یه‌ک و هیچ گیروگرفتێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که کورد چ ئامانجێکی هه‌بێ نه‌هێڵێت.
هه‌روه‌ها هه‌ڵکردنه‌وه‌ی یه‌کێ له دیارترین هێماکانی کۆماری کوردستان {واته} ئاڵای کوردستان. ئێوه ده‌بێ بزانن که ئاڵای کوردستان 16 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له کاتێکدا به‌داخه‌وه نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و ئاڵایه‌ی نه‌ده‌ناسی، ئه‌و ئاڵایه جێگه‌ی باس نه‌بوو، قسه‌ی لێ نه‌ده‌کرا، له‌هیچ کوێ نه‌ده‌بیندرا، 16ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له رۆژێکی دروست ئاوادا له 2ی رێبه‌نداندا جارێکی دیکه پارتی ئازادیی کوردستان ئه‌و ئاڵایه‌ی هه‌ڵکرده‌وه. سیدی ئه‌و رێوره‌سمه مێژووییه هه‌یه. هیوادارم یه‌ک به یه‌کی ئێوه و رۆژێک یه‌کبه‌یه‌کی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد بتوانن ئه‌و رێوڕه‌سمه ببینن و شانازی بکه‌ن به ڕه‌چه‌شکێنی حیزبه‌که‌یانه‌وه.
هه‌روه‌ها پێدانی ده‌وری سه‌ر‌ۆکایه‌تی به کوڕی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د{لهPAK دا} شتێکی پڕ مانا بوو. شتێکی پڕ مانایه که پێشه‌وا له پێناو ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا خه‌بات بکا و گیان به‌خت بکا و دواتر کوڕه‌که‌ی ئه‌و ڕێگایه درێژه بدا.
ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندیین له سیاسه‌ت وهه‌ڵوێستی پارتی ئازادیی کوردستاندا به‌رانبه‌ر خوێندنه‌وه‌ی کۆمار و هۆکاری رووخانی کۆمار و به‌رانبه‌ر درێژه‌دانی کۆمار و خه‌بات بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستان. ئێمه له‌ساڵی 57 هه‌تاوی واته 1979 زایینی‌دا کاتێک رێژیمی شا رووخا ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌مان له کیسچوو که کورد جارێکیکه کۆمار دابمه‌زرێنێته‌وه. به راشکاوی ده‌توانم بڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌م ته‌مه‌نی تێکۆشه‌رانی پارتی ئازادیی کوردستان {وا بایه} و ئه‌م هێزه له مه‌یداندا ببوایه له‌و ده‌رفه‌ته که‌ڵکمان وه‌رده‌گرت و جارێکی دیکه کۆماری کوردستان‌مان داده‌مه‌زرانده‌وه. ئه‌و بڕیاره له‌جێی خۆیه‌تی و به‌ڵێن بێ له‌نێوان ئێمه‌دا که رۆژێک له یه‌که‌مین ده‌رفه‌ته‌کانی رزگاری وڵاته‌که‌ماندا جارێکی دیکه کۆماری کوردستان دابمه‌زرێنینه‌وه.
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست
هه‌لومه‌رجێکی نوێ له ئێران هاتووه‌ته گۆڕێ. ئه‌و هه‌لومه‌رجه بریتیه له ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵک له شاره گه‌وره‌کاندا بۆ ڕزگاربوون له چنگی دیکتاتۆری. ئه‌وه له هه‌ڵبژاردنی جۆزه‌ردانی ڕابردووه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد؛ کاتێک که کووده‌تا له ده‌نگی خه‌ڵک کرا. ئێمه پێویسته هه‌ر وه‌کوو ڕابردوو سووربین له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانمان. سووربین له‌سه‌ر ئامانجه‌کانمان. ده‌زانم که 30 ساڵه کۆماری ئیسلامی له کوردستان ده‌دا، خه‌ڵک ده‌کوژێ، خه‌ڵک ئاواره‌و په‌ڕته‌وازه ده‌بێت، به هه‌زاران که‌س له تێکۆشه‌رانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی زێدی خۆیان ماڵاواییان له ژیان کردووه. ئه‌مه هه‌مووی بارێکه به‌سه‌ر شانی ئێمه‌وه. به‌ڵام ئێمه هه‌ر ده‌بێ وه‌کوو سه‌رکرده نه‌مره‌کانمان سووربین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێگایه و دژوارییه‌کانی ڕێگه‌ی خه‌بات کۆڵمان پێنه‌دا و خودا نه‌خواسته ماندوومان نه‌کا که قوربانییه‌کانمان له‌به‌ر چاومان سووک وهه‌رزان بێ. ئێمه له‌سه‌رمانه خوێنی شه‌هیده‌کانمان، کاول بوونی کوردستان، ئێعدامی به‌کۆمه‌ڵی خوشک وبراکانمان له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا وه‌ک ئه‌مانه‌تێکی گه‌وره ڕابگرین و له داوا‌و ویسته‌کانی خۆمان، له داوا ڕه‌واکانمان واز نه‌هێنین. ئێمه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌ت هه‌بێت له هه‌ر شێوه‌یه‌کی خه‌بات که‌ڵک وه‌رده‌گرین؛ خه‌باتی چه‌کداری، خه‌باتی پێشمه‌رگانه، دیپلۆماسی، ڕاگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت وتووێژ له‌گه‌ڵ دوژمن. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌که بنه‌مای ویست وداخوازه ڕه‌واکانی گه‌لی کورد که له هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی ژیانی ئێمه‌داو هه‌لومه‌رجی ئه‌مڕۆی جیهان و ناوچه‌که‌دا ئێمه نابێ به‌شتێک بێجگه له هاوبه‌شی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا له ئێران ڕازی بین. قوربانیه‌کانی ئێمه زۆر له‌وه گه‌وره ترن به ورده شتی وه‌کوو چه‌ن ماده‌یه‌ک له قانوونی ئه‌ساسی جمهوری ئیسلامی ڕازی بین. خوێنی شه‌هیده‌کانمان و کاول کرانی کوردستان و ئێعدامه به‌کۆمه‌ڵه‌کان و زوڵم وزۆری 30 ساڵه له‌سه‌ر ئیمه زۆر گه‌وره‌تر و قورسترن له ڕازیبوون به‌شتی بچووک. ئامانجی ئێمه دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماره. به‌ڵام تا گه‌یشتن به کۆمار ڕه‌نگه به قۆناغ و به بارودۆخی جۆراوجۆرا تێپه‌ڕین. له هه‌ر قۆناغ و هه‌لومه‌رجێکدا ئێمه ڕێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران، که ده‌ڵێم ده‌وڵه‌تی ئێران مه‌رج نیه جمهوری ئیسلامی بێ، ئه‌وانه‌ی دوای جمهوری ئیسلامی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه ده‌گرن، ده‌بێ له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات بێ له‌و وڵاته‌دا و کورد به مرۆڤی ده‌ره‌جه یه‌ک و نه‌ته‌وه‌ی ده‌ره‌جه یه‌ک حیساب بکرێ، یه‌کسان و هاوشان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه و ده‌ره‌جه دوویی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵ ناکه‌ین.
ئێمه ده‌سپێشخه‌ر بووین بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا. ئێمه به‌ناوی ئه‌وه‌وه که ئه‌وه‌ی له تاران تێده‌په‌ڕێ و له تاران ڕووده‌دا ناکۆکی نێوان باڵه‌کانی ڕێژیمه دووره په‌رێز نابین به‌رانبه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا. به‌ڵکوو ده‌بێ هه‌ڵوێستی چالاکمان هه‌بێت؛ به‌ڵام له عه‌ینی کاتدا ئێمه بزووتنه‌وه‌و خه‌بات و داوای نه‌ته‌وه‌که‌مان له هیچ شتێکی دیکه‌دا ناتوێنینه‌وه. ئێمه له‌هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا داوای تایبه‌تی خۆمان هه‌یه. گه‌لی ئێمه گه‌لێکی بنده‌سته، خه‌باتی ئێمه خه‌باتێکی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییه، خه‌باتی ئێمه له‌و پێناوه‌دایه که ڕزگاربین له بنده‌ستی؛ له ده‌رفه‌ته‌کان که‌ڵکوه‌رده‌گرین، به‌ڵام ئامانجه‌کانمان و ئیستراتیژیمان له سه‌ری سوورده‌بین و بۆ هیچ که‌سێکی دانانه‌وێنین. هه‌ر بۆیه ئێمه هه‌ر وه‌کوو له ڕابردوودا پێمانداگرتووه ئێستاش پێ داده‌گرینه‌وه له‌سه‌ر پاراستنی هێزی پێشمه‌رگه و هێشتنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌رفه‌تمان بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ. هه‌موو تێکۆشه‌ره‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان له هه‌ر کوێ بن ده‌بێ هه‌میشه ئه‌و ئاماده‌ییه ڕۆحیه‌یان هه‌بێ که ڕۆژێک که ده‌رفه‌ت هه‌ڵکه‌وت ده‌ست بده‌نه‌وه چه‌که‌کانیان و به یه‌کجاری دوژمن له‌سه‌ر خاک و نیشتمانی خۆمان ڕابده‌ین و دواتریش ده‌سکه‌وته‌کانمان بپارێزین.
دوژمنه‌کانمان به ئیده‌و تێئۆری جۆراوجۆره‌وه ده‌یانه‌وێ پێشمه‌رگه‌و پێگه‌ی پێشمه‌رگه‌و خه‌باتی پێشمه‌رگه که‌م بکه‌نه‌ووه‌و سووکی بکه‌ن. ئێمه هه‌رگیز نابێ فریوی ئه‌وه بخۆین. به‌داخه‌وه هێندێکجار له لایه‌ن دۆستانیشه‌وه به جۆرێک له ژێر ته‌وژمی ڕووداوه‌کاندا ده‌وری پێشمه‌رگه خه‌ریکه که‌م بایه‌خ نیشان بده‌ن. ئه‌زموونی باشووری کوردستان نیشانی ده‌دا که ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی پاراستووه نه‌ک ڕێکه‌وتن و ده‌ستووری عێراق، به‌ڵکوو ئه‌وه هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه که بووه‌ته زامنی ئه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه بمێنێته‌وه و عه‌ره‌بی شۆڤێنی عێراق نه‌توانێ په‌لاماری کوردستان و ده‌سکه‌وته‌کانی بدا. که وایه ده‌بێ له‌هه‌ر ده‌رفه‌ت و زه‌مانێکدا له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا که هه‌ین له بیرمان نه‌چێ که پێشمه‌رگه‌ین.
هیچ شتێک به نێوی خه‌باتی مه‌ده‌نی و خه‌باتی سیاسیه‌وه نابێ جێی پێشمه‌رگه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان بگرێته‌وه. ئێمه کاری سیاسیش ده‌که‌ین کاری مه‌ده‌نیش ده‌که‌ین، له کاتی پێویستدا وتووێژیش ده‌که‌ین، کاری دیپلۆماسیش ده‌که‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ده‌بێ پشتوانه‌ی هێزی سه‌رکه‌وتن له‌م بوارانه‌دا بێ ته‌نیا هێزی پێشمه‌رگه‌یه که ده‌توانێ میلله‌ته‌که‌مان بپارێزێ و ده‌سکه‌وته‌کانیشی بپارێزێ و دوژمن حیسابی بۆ بکا.
له‌م ڕۆژه پیرۆزه‌دا سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی پاکی پێشه‌وای گه‌وره‌ی کورد که یادگارێکی بۆ کورد به‌جێهێشتووه هه‌میشه به‌زیندوویی بمێنێته‌وه. سڵاو ده‌نێرێن بۆ ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی که هه‌ڵگری په‌یامی پێشه‌واو بایه‌خه‌کانی کۆمارن. له‌م ڕۆژه‌دا هه‌موو هێزو لایه‌نه سیاسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، بانگهێشت ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که هه‌موومان له ده‌وری ئامانجی دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆماری کوردستان یه‌کبگرین و پێکه‌وه بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌و کۆماره خه‌بات بکه‌ین و ناکۆکی و گیروگرفته‌کان له پێناو ئه‌م ئامانجه پیرۆزه‌دا له پێناو زیندووکردنه‌وه‌ی په‌یام و بڕیاری پێشه‌وادا وه‌لابنرێن و ده‌ست له‌نێو ده‌ستی یه‌کدا بڕۆین به‌ره‌و پێشه‌وه به‌ره‌و ڕزگاری کوردستان و به‌ره‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ی کۆمار‌و شه‌کاندنه‌وه‌ی ئاڵای پیرۆزی نیشتیمان له بست به بستی خاکی نیشتیمانه داگیرکراوه‌که‌مان. ئێوه‌ش ئه‌ی تێکۆشه‌رانی پارتی ئازادی کوردستان بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ڕۆژه هه‌ر بژین و چه‌کی بیروباوه‌ڕو چه‌کی پێشمه‌رگانه‌تان هه‌میشه ئاماده‌بێت. هه‌ر بژین و سه‌رکه‌وتووبن...................
|