|
|
چۆن رازی ده‌بم ئۆتۆمبێلێك به‌ناوی منه‌وه بكری، كه رۆژی سه‌د كه‌س سواری ده‌بی
5 / 2 / 2010
زانا دڵشاد دزه‌یی
ئه‌و ئافره‌ته گۆرانیبێژه كاتێك دڵخۆش ده‌بی، پێی بڵێی (نازی عه‌زیزی چه‌نده ئه‌زیزی)، ئه‌گه‌ر به‌نهێنی ئه‌و وشه‌یه‌ش نه‌زانی، ده‌توانی پێی بڵێی (داده گیان) . نازی كه به ساده‌ترین گۆرانیبێژ ده‌ناسرێته‌وه و هه‌میشه له خه‌می هاوڕێكانی سه‌رقاڵه، له‌و دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ (سڤیل) به‌ئاشكرا چه‌ند نه‌هێنییه‌كی تایبه‌تی خۆی ده‌دركێنی، هه‌رچه‌نده ئاماده نه‌بوو ناوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئاشكرا بكات، به‌ڵام گوتی "زۆر له‌خۆم گه‌وره‌تره".
نازێی گۆرانیبێژ خاوه‌ن دوو ئه‌لبوومه و زۆر حه‌زیش ده‌كا ببێته دایك و خاوه‌نی دوو منداڵ، به‌ڵام سه‌ریشی سورماوه، كه ده‌بی كه‌ی بڕیاری هاوسه‌رگیر بدات و ببێته دایك، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌زه‌ی به‌دی بهێنی، ده‌بی نازی له‌و پرۆسه‌یه‌دا بترسی، ئه‌و ده‌ڵی "وه‌ك ترس نا، به‌ڵام جاری سه‌رم له خۆشه‌ویستییه‌كه‌م شێواوه و لێم تێكچووه، ده‌بی پتر ئاگاداری ئه‌وه بم". نازی له سه‌ره‌تای ئه‌و دیمانه‌یه‌یدا حه‌ز ده‌كا باس له ئاهه‌نگه‌كه‌ی سه‌ری ساڵی بكا و له‌وباره‌یه‌شه‌وه پرسیاری لی بكرێ، كه به‌گوته‌ی (رێبه‌ر) به‌ڕێوه‌به‌ری رێستورانتی تارین "سه‌ركه‌وتووترین ئاهه‌نگی ئه‌و سه‌ری ساڵه‌یه بووه، جێی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵكه‌كه‌ی بووه"، نازێش له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵی "ده‌بی پرسیار له‌و خه‌ڵكه بكری و بپرسن ئایا ئه‌وان بۆ بینینی له‌شولاری نازی و پڕكردنه‌وه‌ی كاتی خۆیان هاتبوون، یاخود بۆ گوێگرتنی ده‌نگی نازی، من وام هه‌ستده‌كرد بۆ چێژ وه‌رگرتنی ده‌نگی من هاتبوون"، ناوبراو هۆكاری سه‌ركه‌وتنی بۆ كه‌م ده‌ركه‌وتنی خۆی گێڕایه‌وه، كه به ده‌گمه‌ن كۆنسێرت ئه‌نجام ده‌دات و ئه‌وه‌ش ده‌بێته باشترین شه‌و بۆ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌توانن له‌گه‌ڵ ده‌نگی ئه‌ودا چێژ وه‌ربگرن، نازی گوتیشی "حه‌زده‌كه‌م له‌مه‌ودوا مانگی جارێك بێمه‌وه سه‌ر شانۆ و گۆرانی بڵێمه‌وه بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی حه‌زیان له ده‌نگی منه".
ئه‌و ئافره‌ته گۆرانیبێژه وه‌ك خۆی ده‌ڵی ئه‌وه یه‌كه‌م دیمانه‌ی ده‌بێت، كه به‌و شێوه‌یه باس له لایه‌نه تایبه‌تییه‌كانی خۆی بكا، نازی عه‌زیزی ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌كات، شێوازی جلوبه‌رگی گۆڕیه‌وه و ئێستا زیاتر حه‌زی به‌جلی مۆده‌یه، له باره‌ی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی ده‌موچاویشیدا سوێند به گۆڕی باوكی ده‌خوات، كه نه‌شته‌رگه‌ری جوانكاری نه‌كردووه، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، له كوردستان پاره‌یه‌كی وای نییه، بتوانی هه‌موو حه‌ز و پێداویستییه‌كانی خۆی دابین بكات و ده‌ڵێت "به‌خوا پاره‌ی ئه‌وه‌م نییه جوانكاری بۆ ده‌موچاوم بكه‌م، به‌ڵام راسته خه‌ڵك زۆر ئه‌و پرسیاره‌م لێده‌كات و گومانیان هه‌یه، كه جوانكاریم كردبی، بۆ سه‌ری ساڵیش ویستم جلێكی كوردی زۆر جوان بكڕم، به‌ڵام پاره‌ی نرخی ئه‌و جله‌م پی نه‌بوو، هه‌روه‌ها پاره‌ی ته‌له‌فۆنیشم نییه، تا به ئاره‌زووی خۆم قسه بكه‌م، هه‌فته‌ی جارێك له‌گه‌ڵ دایكم و ماڵه‌وه‌مان قسه ده‌كه‌م". به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه كوڕان ته‌له‌فۆنی زۆری بۆ ده‌كه‌ن و زۆربه‌شیان داوای زه‌واج و لێ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌كه‌ن، ئاواش باس له یه‌كێك له‌و ته‌له‌فۆنانه ده‌كات، گوتی "له‌منزیكانه كوڕێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵ له سلێمانییه‌وه ته‌له‌فۆنی بۆ كردم، كه گوتم ئه‌لو فه‌رموو، گوتی ته‌ئكید تۆ نازێی؟ منیش گوتم: به‌ڵی، یه‌كسه‌ر گوتی قوربانت بم، من كوڕێكی كرێكارم و زۆرم حه‌ز لێته، ده‌مه‌وی بتخوازم، وه‌ڵڵا منیش هه‌ندی پێكه‌نیم و پێمگوت: براكه‌م تۆ له چاو مندا منداڵی و چوار ساڵ له تۆ گه‌وره‌ترم، كه گوتم ببوره ناتوانم، ده‌ستی كرد به گریان و گوتی به‌خوا ده‌توانم به‌خێوت بكه‌م"، هه‌روه‌ها نازێی گۆرانیبێژ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌سه‌ر قسه‌كانی خۆی، كه كوڕانی جوان و قۆزیش ته‌له‌فۆن بۆ كچه گۆرانیبێژه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش به ئاسایی ده‌زانی "له‌به‌رئه‌وه‌ی كچه گۆرانیبێژه‌كان ناسراون و وێنه‌یان له رۆژنامه‌كان و له هه‌موو جێگایه‌كدا ده‌بینری، له‌وانه‌یه جوانترین كوڕ ته‌له‌فۆنیان بۆ بكه‌ن، به‌ڵام من نه‌خێر، ره‌نگه كه‌سێكم خۆش بووێت، ته‌مه‌نی زۆر له‌خۆم گه‌وره‌تره". لێره ده‌ركه‌وی نازێ عه‌زیزی پیاوێكی به ته‌مه‌ن له‌خۆ گه‌وره‌تری خۆشده‌وی، به‌ڵام دیسانه‌وه نایه‌وی ناو و پیشه‌ی ئه‌و پیاوه ئاشكرا بكا، ته‌نیا گوتی "بۆ ده‌بی بزانن كێیه، هه‌رئه‌وه‌نده بزانن له‌خۆم گه‌وره‌تره و به‌سه".
نازی عه‌زیزی به‌پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی كچه رۆژهه‌ڵاتییه‌كان حه‌زی له‌جگه‌ره و مه‌شروب نییه، به جگه‌ره ژانه‌سه‌ر ده‌یگری و به بۆنه‌كه‌ی مه‌شروبیش سه‌رخۆش ده‌بی. له باره‌ی دیین و باوه‌ڕیشه‌وه، كه زۆربه‌ی كات له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا به‌قورئان خوێندن بینیوومانه و خه‌ریكی عیباده‌ت بووه، ئه‌و گۆرانیبێژه ئاماده نییه هیچ بڵی و جگه‌له‌وه‌ی گوتی "مه‌سه‌له‌ی دیین و باوه‌ڕی من، حه‌ز ده‌كه‌م شه‌خسی بێت و ته‌نیا خۆم و خودا بزانین، به‌ڵام به سوره‌تی یاسین و فاتیعه، دڵم ئارام ده‌بێته‌وه". نازی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی، كه بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ی سه‌ری ساڵ له زۆربه‌ی شوێنه‌كانی هه‌ولێر ده‌بینرا، داواكاری كۆمپانیاییه‌كی گه‌وره‌ی ئۆتۆمبێلی ره‌تكردووه‌ته‌وه و ناشیه‌وی هیچ جۆره ئۆتۆمبێلێكی به‌ناو بكری، چونكه ئه‌و پێی وایه ئه‌وه مانای ئیحترام و گه‌روه‌یی هونه‌رمه‌ند ناگه‌یه‌نی، له‌وباره‌یه‌شه‌وه قسه‌ی هه‌یه و ده‌ڵی "كۆمپانیاییه‌كی ئۆتۆمبێل ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتیان تۆمان بینیووه و ده‌موچاوێكی شه‌رقی و سێكسیت هه‌یه، ئێمه حه‌ز ده‌كه‌ین ریكلامان بۆ بكه‌ی و ئێمه‌ش ئۆتۆمبێلێكی 2010 به ناوی تۆوه ده‌كه‌ین و به ناوی تۆوه له ناو خه‌ڵك بناسری، منیش گوتم: چۆن رازی ده‌بم ئۆتۆمبێلێك به‌ناوی منه‌وه بكری، كه رۆژی سه‌د كه‌س سواری ده‌بی، ئه‌وه بۆ كه‌سایه‌تی من زۆر خراپه و ئاماده نیم بیكه‌م"، نازی ده‌شڵی "ئه‌گه‌ر مزگه‌وتێك یاخود ده‌زگایه‌كی خێرخوازی و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك به ناوی منه‌وه بكری، ئه‌وكات پاره‌شم ناوی، به‌ڵكو پاره‌ش ده‌ده‌م". ناوبراو له‌وه‌ته‌ی له كوردستانه زۆربه‌ی كاته‌كانی به ته‌نیایی به‌ڕی ده‌كا و به‌رده‌وام ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌شی له‌سه‌ر كه‌ناڵی pmc و نه‌ورۆزه، ده‌شڵی "بینه‌ری كه‌ناڵی كۆڕه‌كی جاران بووم". ئه‌و كچه گۆرانیبێژه حه‌ز به مونافه‌سه‌ی كاری جوان ده‌كا، له‌وانیش هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم بۆ مونافسه‌ی خۆی ده‌ستنیشان كرد، به‌وه‌ش نیگه‌رانه حه‌ساده‌ت له‌ناو هونه‌رمه‌ندان شوێنی مونافه‌سه‌ی گرتووه‌ته‌وه، گوتی "حه‌ز ده‌كه‌م مونافه‌سه‌ی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم بكه‌م، چونكه ئه‌و باشترین هونه‌رمه‌نده بتوانی له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی ئه‌زموون وه‌ربگری و كاری باشتری له‌سه‌ر بكه‌ی، به‌ڵام رقم له حه‌ساده‌ته، كه به‌داخه‌وه ئێستا له‌نێو هونه‌رمه‌ندان حه‌ساده‌ت باوه، نه‌ك مونافه‌سه‌ی كاری باش و به‌رهه‌می زیاتر".
گوڤاری سڤیل
|
|
وه نه وشه || 14 / 2 / 2010
بۆ چی ئه وانه ت نووسیوه ؟ ره خنه یه ؟ چییه ؟ یا فزوولی و دخاله ت له ژیانی خه لک دا؟ نازانم ئه مه ی کورد که نگێ فێر ده بین وا بیر بکه ینه وه که هه موو مروڤێک مافی ئازاد ژین‌و ئازاد بیر کردنه وه ی له هه وو بواری ژیانی خۆی دا هه یه چ ژن چ پیاو.
|
|
م. پشده‌ری || 9 / 2 / 2010
من پێموایه نه هونه‌ر، نه سامان نه زانست، نه پیشه، نرخ به مرۆڤ نابه‌خشن، به‌ڵکو ئه‌وه مرۆڤه که نرخ به‌و شتانه ده‌به‌خشێت. من له وته‌کانی هونه‌رمه‌ند "نازێ" دا ئه‌وه‌م بۆ ده‌رده‌که‌وێ که ناوبراو که‌سێکه زۆر به‌وه‌فایه، زۆر راستگۆیه، زۆر پارێزه‌ری ئابڕووی خۆیه‌تی. هه‌موو ئه‌و شتانه، گرینگی و گه‌وره‌ییه‌کی زۆری به‌خشیوه به "نازێ" و به هونه‌ره جوانه‌که‌ی.
|
بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟
ناو:
ئیمه‌یل:
تکایه به کیبۆڕدی یونی‌کورد بنووسه
|
|
کۆچکردوو سه‌ید جه‌لاله‌دین حسه‌ینی
|
|