سوێد دژایه‌تی خۆی بۆ سزای له سێداره‌دان دووباره ده‌کاته‌وه
4 / 3 / 2010
به‌یان: له وه‌ڵامی نامه‌یه‌کدا که کۆمیته‌ی سوێدی کوردۆساید ۆچ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێدی کردبوو، به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد دژایه‌تی سوێدی هه‌روه‌ک دژایه‌تی ئه‌وروپای یه‌کگرتووی بۆ سزای له سێداره‌دان دووپاتکرده‌وه.
له وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌دا هاتووه که سوێد که بۆ ماوه‌یه‌کی ده‌وری سه‌رۆکایه‌تی ئه‌وروپای له ئه‌ستۆ گرتبوو، به شێوه‌یه‌کی دیار و دووباره بۆوه، دژایه‌تی سوێد و ئه‌وروپای له‌مه‌ڕله سێداره‌دان به کاربه‌ده‌ستانی ئێران راگه‌یاندووه.
سوێد وه‌ک وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و ولاتانی تری ئه‌وروپای یه‌کگرتوو، له رێگه‌ی نوێنه‌ری پرسه ده‌ره‌کیه‌کان (کاترین ئاشتۆن) پرۆتێستۆی ئه‌و دوو له سێداره‌دانه‌یان کردووه که به‌م دوواییانه له ئێران‌دا ڕوویانداوه.
حکومه‌تی سوێد پێی وایه که ئه‌وروپای یه‌کگرتوو باشترین رێگایه بۆ ئه‌وه‌ی کار له کاربه‌ده‌سته ئێرانیه‌کان بکرێت، ئه‌وروپایێکی یه‌کگرتوو که نوێنه‌رایه‌تی 27 ده‌وڵه‌تی ئه‌وروپایی و نیو ملیار مرۆڤ ده‌کات. به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه که سوێد وه‌ک تاکه ولات له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی له سێداره‌دانه‌کان رای خۆی نه‌بێت. به‌پێی وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد، سوێد هه‌رده‌م له‌رێگه‌ی باڵیۆزخانه‌که‌ی له تاران و باڵیۆزخانه‌ی ئێران له ستۆکهۆلم رای حکومه‌تی سوێدی دژ به له سێداره‌دان ده‌گه‌یه‌نێته کاربه‌ده‌ستانی ئێران.
له 5 شوباتدا، (کاترین ئاشتۆن) له داخویانیه‌کدا داوای له کاربه‌ده‌ستانی ئیران کرد که ئه‌و نۆ که‌سه‌ی که چاوه‌روانی له سێداره‌دان ده‌که‌ن، حوکمه‌کانیان بگۆڕدرێت و له سێداره‌دان به ته‌واوه‌تی بوه‌ستێنرێت.
هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد (کارل بیڵدت) له میانه‌ی کۆنفرانسی ئه‌وله‌کاری له میونشن، نیگه‌رانی سوێدی له مه‌ڕ سزای له سێداره‌دان به وه‌زیری کۆماری ئیسلامی ئێران (مه‌نوچه‌هر موته‌کی) راگه‌یاندووه(له بلۆگی وه‌زیردا ئه‌مه درێژتر باسکراوه).
له کۆتایی وه‌ڵامه‌که‌دا ئه‌وه هاتووه، که وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سوێد، له نزیکه‌وه چاودێری ڕه‌وشی ئێران ده‌کات و وه‌ک ترادیسیۆنێکی سوێدی له سێداره‌دان و هه‌موو ده‌ستدرێژیه‌کی سه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ ره‌تده‌کاته‌وه.
|