چۆن چوونه رادیو دهنگی كوردستانو وهك بێژهر دهست به كاربوون؟
ئیزنم پێبدەن لە ڕێگای ئێوەوە رێزو سڵاووحورمەتی خۆم بنێرم بۆ خوێنەرانی ماڵپەرەکەتان و هەروەها لە ناخی دڵمەوە سڵاو پێشکەشی خەڵکی بە ئەمەگ ،لە عەینی کاتدا شۆڕشگێر و کۆڵنەدەری کوردستان بکەم. بەرامبەر بە گەورەیی ناوی پیرۆزی شەهیدان کڕنۆش بەرم.هەروەها سپاسی ئێوەش بکەم بۆ ئەو دەرفەتەی پێتان دام،بۆ ئەوەی بۆ چەند ساتێکی کورتیش بێ لە گەڵ ئێوە و خوێنەرانی سایتەکەتان چەند وشەیەک باس بکەم.
هەروەک لە بیۆگرافی یەکەم دا ئاماژەم پێکرد من لە بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی حیزبدا کارم دەکرد. کاتێک بەهاری سالی 1359 رێبەرایەتی حیزب بریاری هاتنەدەری لە شاری مەهاباد داو بنکەی کۆمیتەی ناوەندی گوێزتەوە بۆ شاخ،من لە'' ورمێ'' خەریکی درێژەدان بە پاشماوەی خوێندەکەم بووم. هەر لەو سەروو بەندەدا بوو،رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران دەستی بە وەشانی بەرنامە ئازمایشی یەکانی خۆی کرد. فرەکانسی دەنگی کوردستان زۆر لاواز بوو،زۆر بە کزی دەنگێک دەهاتو نەدەهات .لێتانی ناشارمەوە ئەم کاتەی کە گوێم لە ''ئێرە دەنگی کوردستانی ئێرانە’’دەبوو کە،وێژەرەکەی بە هەناسە برکەوپشوو سوار,بە دەنگێکی گڕ کە گوێ ئازار دەدا, بەیانی ئەم رستەیەی دەکرد, بەڵام لە سەر ئەو حاڵەشرا ،تەزوویەکی سەیر هەمووهەستو لەشمی دادەگرت. زۆرم حەز دەکرد وخولیای ئەوە بووم،ئەم رستەیە لە گەرووی من بێتەدەرێ. ئاواتم دەخواست خوێندنەکەم تەواو بێ و رۆژێکی خوم لەم دەزگایەدا ببینمەوە.
بەهۆی ئەوەیکەلە لایەن دەزگای زانیاریی رێژیمەوە لە ورمێ لە مەر کاروباری حیزبی شناسایی کرابووم. لە سەر جەلەسەی تاقیکاری ئاخری ساڵ لە لایەن یەکێک لە مامۆستا شۆرشگێرەکان ئاگادار کرام کەکۆمیتەی ئیتلاعات بەدوامەوە و دەبێ هەرچی زووتر خۆم دەرباز کەم. بەم جۆرە نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم وبە نەهێنی گەرامەوە شاری مەهاباد. لەوێشرا لە سەر بانگهێشتی دەفتەری سیاسی رۆژی29 ی جۆزەردان پەیوەستی شاخ بووم وبۆ بەیانی رۆژی 30 بە رەسمی دەستم بە تێکۆشان لە دەنگی کوردستانی ئێران دا کرد. یانی 3 رۆژ دوای دەست بەکار بوونی دەنگی کوردستانی ئێران کە لە رۆژی 27ی جۆزەردان وەشانی بەرنامەکانی ئاسایی خۆی دەست پێکرد بوو. لەورۆژەوە تا 20ی خەرمانانی ساڵی1374ی هەتاوی درێژەم بە کاری مێدیایی دا .
له سالهكانی دهیهی 60ی ههتاوی پیتوایه دهنگی تو چ كاریگهریهكی ههبوو بۆ راكێشانی لاوان بۆ ناو حدك؟
دەنگی کوردستانی ئێران یەکەم دەزگای راگەیاندنی کوردی بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە قاچاخی و بە شێوەی نەهێنی دەستی بە وەشان کرد . دونیای دەرەوە و بیرورای گشتی ئاگاداری رووداوەکانی ناوخۆی کوردستان و ئەو کوشتارە و جینایەتانە ی کۆماری ئیسلامی نەبوو, رێژیم پەردەیەکی بێدەنگی بە سەر کوردستاندا کێشا بوو ، بە تەواویی دەستی ئاواڵە بوو بۆ خۆڵقاندنی جینایەت. بە ئارەزووی خۆی دەیکوشتو دەیبڕی ،سرووشتی بوو هیچ هەواڵێک لە کوردستان و لە خەباتی گەلی کورد بڵاو نەکاتەوە.کوردستان بە تەواوی تەریک کەوتبۆوە . هەربۆیە دەنگی کوردستان وەکوو پێویستێکی مێژوویی سەردەمی خوی پێی نایە گۆڕەپانی خەبات و رەساڵەتێکی گەورەی کەوتە سەرشانی. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سەر و شیارییو ئاگایی رێبەرایەتیی حیزب بە تایبەتی زانایی دوکتور قاسملووی نەمر. دەنگی کوردستان لە چەند بوار دا دەستی بە تێکۆشان کرد : یەکەم لە قاودانی جینایەتەکانی هێزە پەلاماردەرەکانی کوردستان. دووهەم ئامادەکردنی هەموو چینو توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بۆ بەربەرەکانی و بەرەنگاریی. سێهەمین ئەرکیشی ئەوە بوو کە هەوڵی دەدا ئاسەواری ئەو دابوو نەریتە دواکەوتوانەی کە روومای گەڵی کوردیان ناشیرین و دزێو کرد بوو،بێرەنگ کات و کۆمەڵگا بەرەو دنیایەکی شارستانییەت ومۆدێرن کە لە گەڵ هەلومەرجی کوردستان و کەلەپووری گەلەکەمان یەکبگرێتەوە،رێنوێنی بکا. بەواتایەکی دیکە دەنگی کوردستان بوو بە پردی نێوان بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی کوردستان و دونیای دەرەوەو بوو بە دەلاقەیەک بۆ گەیاندنی ئازار و مەینەتەکانی خەلكی کوردستان بە گوێی بیرورای گشتی . بێگومان دەنگێک کەزادەی چیایە ولەنێو رەوزەبەردەکاندا لە دایک دەبێ،دەنگێک کە لە حاڵی شۆڕش وخەباتێکی خوێناوی نابەرامبەر دایەو میللەتێک کە هاوارێتی وراپەرێوەو داوای ئازادی ومافی یەکسانی خۆی دەکا. دەنگ کەرەسەو عونسرێکی زۆر گرینگەو نەخشو رۆڵێکی سەرەکی لەم بەستێنەدا یاری دەکا. لە فەزای سانتیمانتالی ئەم کاتی کوردستان دا بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک پێویست بوو دەنگێک هەبێ کە ریزەکانی بزووتنەوەی کورد رێکبخاو بانگەشەی کوردایەتی و بەرخۆدان بکا . دەنگی کوردستان ئەو ئەرکەی گرتە ئەستۆ. بۆ نێڵدانی کورەی شۆڕش ،وانەی کوردایەتیو کوردپەروەری و بەرخۆدانی دەکوتەوە. هانی لاوانی دەدا کە بڕبڕەی پشتی گەل بوون . چونکەهەرئەوان بوون کە توانای بەرەنگاری رووبەروویان هەبوو و لە رۆژەسەختەکاندا و پشت وپەناوجێگای هیواو هومێد بوون. هەرچەند ئەمە دێتە خانەی خۆ تاریف کردنەوەو ئەمە خەڵکن کە دەبێ قەزاوەتی لە سەر بکەن. من وەکوو کەسێک کە خاوەنی دەنگێکی رەساوبەتوانا کەرادیۆیەکی شۆڕش دەبێ لێی بەهرەمەند بێ،هاتمە سەنگەری دەنگی کوردستان . زۆربە ی ئەوانەی شۆڕشگێرانە ئەمکات لە سەنگەری دەنگی کوردستان دا خەباتیان دەکردهەرکەسە کە قەدەر توانای خۆی لەسەر رەوتی بەروپێش چوونی جووڵانەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان دا شوێن دانەر بوون.منێش وەکوو یەکێک لەو هاوڕێیانە لە جۆشدانی کورەی شۆڕش داتەئسیرگوزار بووم. گوڕەی دەنگ و هەڵمەتی پێشمەرگە، سەمفۆنیایەکیان لە حەماسە تۆمار دەکرد.فەزایەکیان لە هەستی کوردایەتی خوڵقاندبوو کە لاوانی دەهێنایە خرۆش و پۆل پۆل دەهاتنە ریزەکانی شۆڕش و بەرگی پڕ لە شانازیی پێشمەرگەی کوردستانیان بۆ پارێزگاری لە شەرەف و کەرامەتی گەڵیک دەپوشی کە دڕندانە کەوتبوە بەر پەلامار. زۆر جار کە هەواڵی چالاکێکی گەورەی هێزی پێشمەرگەم بڵاو دەکردەوە.وا دەچووم لە فەزای عەمەلیاتەکەئاگام لە خۆم دەبڕا .وام هەست دەکرد سەنگەر بە سەنگەر،رەوەز بە رەوزودۆڵ بەدۆڵ لە مەیدانی عەمەلییاتەکە دام و شان بە شانی پێشمەرگە خەریکی تۆمارکردنی ئەو حەماسەیەم.هەر بۆیە کاتێک لە خوێندنەوەی چالاکیی یەکە دەبوومەوە شەڵاڵی ئارەقە دەبووم. لە راستی دا ساڵەکانی دەیەی 60 ی هەتاوی پڕچالاکی ترین ساڵەکانی هێزی لەشکان نەهاتووی پێشمەرگەو دەنگی کوردستانی ئێران بوو.
چۆن دهروانیته ئهزمونی كاری خوت له ناو رادیۆی حیزب؟
لەوانەیە زۆرتان پێ سەیر بێ ئەگەر بڵێم، ئەورۆژەی پێمنایە دەنگی کوردستان و بە رەسمی دەستم بە تێکۆشان کرد،ئەوەی نەمدەزانی کوردی نووسین و کوردی خوێندنەوەبوو . هەرەم لە بڕەی نەدەکردەوە. زۆر جار بێ هیوایی رووی تێدەکردم،هیچ ئەزموونێکم لەم بوارەدا نەبوو. میکرۆفۆنی رادیۆم لێ ببوو بە دێو و درنج. زۆر شەوان لە خەودا رادەچڵەکیم. زۆر جاردە هاتمە سەر ئەم بڕوایە کە خۆم لەو گۆمە نەدەم،چۆن خۆم بە مەلەوانی ئەم بوارە نەدەزانی. بە خۆمم دەکوت: ئەمە سوراچاکو شۆرەسواری خۆی گەرەکە. کەسێک دەبێ خۆ لە قەرەی کارێکی وا بدا کە توانای هەبێ. ئەزموونی هەبێ. منی زۆرکرچو کاڵ چۆن دەتوانم ئەرکێکی وا قورس راپەڕێنم؟بەڵام دوو مامۆستاودوو برا گەورە،کە ئێستا لە ژیان دا نەماون،شەهید کاک سەعید(دوکتور سادق شەرەفکەندی) و تێکۆشەریی ماندووی نەناس نەمر کاک تەهای عەتیقی کە هەشتی بەفرانباری ئەم ساڵ لە وڵاتی سویس دڵی لە لێدان کەوت زۆریان خۆ پێوە ماندوو کردم وزۆریان لە خۆیان مایە داناو سادقانە دەستیان گرتم. نیاز پاکانە یارمەتیان دام. هەڵەکانیان بۆ راست دەکردمەوە،شێوەی بەیان و ئەداکردنیان فێردەکردم و بوون بە هۆکاری مانەوەو دەرێژەدانم لە سەنگەری رادیۆ دا. دەنگی کوردستان بوو بە قوتابخانەیەک بۆ من.هەرچی لەم بوارەدا فێر بووم،هەرئەزموونێکی لەم دەزگایەدا کەڵەکەم کرد بەشیکی هەرە زۆری دەگەرێتەوە سەر ماندوویەتی ئەو زاتانەی ئاماژەم پیکرد. لە دەنگی کوردستان دا،کۆمەڵێک مروڤی خۆنەویست ،فیداکار،لەخۆبوردوو،لە سەختترین کاتەکانی شاخ دا بە بێ هیچ ئیمکاناتێکی راگەیاندن،لە خۆیان مایەیان دادەناو هەموو رۆژی سێ جاران دەبوونە میوانی ماڵی ساکاری چینو توێژەکانی خەڵکی کوردستان.هەروەک دەزانین، دونیای 30 ساڵ لەمەوپێش دونیای پڕلەپێشکەوتنی بواری راگەیاندنو مێدیای ئیستا نەبوو. ئەوکات ئەگەر ئیمان بە شۆڕش و باوەڕ بە ئازادی کوردستان نەبایە، بە دڵنیایەوە رادیۆیەک لەم هەلومەرجە دژوارە ولەژێر رەهێڵەی بۆمباران و ئاوری قورسی تۆپخانە دا توانای درێژەدانی نەدەبوو. هەروەک دەڵێن؛ نیاز دایکی داهێنانە،لەبێ ئیمکاناتی و لە کاتی نەهامەتیش دا مرۆڤ ئەگەر هیمەتی کرد و ئیرادەی هەبوو،دەتوانێ کار راپەرێنێ و ئەزموون کەڵەکە بکات.
ئێستا ئهو رادیۆیهی كارت تیدا دهكرد بووه به دوو رادیو رات له سهر ئهوه چیه؟

هێچ شتێک بۆ من لەمە ناخۆشتر نیە رادیۆیەک کە بە شەوو شەونەخوونی و بەخوێنی جەرگی کۆمەلێک پێشمەرگەی خونەویست وەکوو کۆرپەڵەیەکی ساوا پێی گرت و باڵای کردو بووبە دەنگێکی رەسا.بوو بە جێگای باوەڕی دۆستو دوژمن، دڵی دۆستەکانی شاد و زراوی دوژمنی دە تۆقاند،دابەش بکرێ و ببێتە دوو لەت.لەمەش ناخۆشترو جەرگبڕتر و پڕ لەژانترئەمەیە ،لە جیاتی ئەوەی زایەڵەی دەنگی ئەم رادیۆیە گوێی دوژمنانی ئەم گەلە بەشخوراو ماف لێ زەوتکراوە کەڕ کا،لە دژی خۆت بکەوێتە کاروگویی خۆت ئازار بداو دۆژمن لە رازو نەهێنی یەکانی خۆت بگەیەنێ.ئەم پرسیارە منی خستەوە یادی چیرۆکی ئەو منداڵەی دوو دایکی بۆ پەیدا ببوو. هەردووک دایک پێیان دادەگرت مندالەکە بکاتە هی خۆی،کاریان کێشرایە دادگا،هێچ یەک لەم دایکانە بۆ ئەوی دیکە دانەدەشکاو تەنازوولی نەدەکرد.هەر دایکەی بەڵگەی سەلمێندراوی دێناوە کە منداڵەکە هی ئەوە. قازی بۆ حەللی ئەم کێشە ئاڵۆزە رێگا چارەیەکی بە نەزەر گەیشت . رووی لە ژنەکان کردوکووتی: منیش بەو بەڵگانەی دەیهێننەوە هاتوومە سەر ئەم بڕوایە کە ئەم منداڵە دوو دایکی هەیە. بۆ ئەوەی هەرکام لە ئێوە وەکوو یەک بە مافی خۆتان بگەن ،واباشترە منداڵکە لە نێوەراست را لەت کەین . هەر دایکەی بەشە لەتی منداڵەکەی بەرێ. ژنەکان واقیان بردەوەو سەریان لەو حوکمەی قازی سووڕما .قازیش لە سەر بڕیارەکەی خۆی موکوور بوو. تەنیا رێگا چارەی بۆ ئەم گرفتە بە لەتکردنی منداڵەکە لە نێوەراستیرا دۆزیبۆوە. ئەمری دا قەسسابێکی شارەزا بێتو منداڵەکە لە نێوەراستێرا لەت کا.قەسساب هات وکێرد بەدەست لە کاتی بەرێوە بردنی حوکمەکەدا دایکە راستەقینەکەی منداڵەکە رووی لە قازی کردوکووتی :جەنابی قازی!بۆ خاتری خودای دەست راگرن من بەشە لەتەکەی خۆم ناوێ.حازرم چاو پۆشی لەسۆزو خۆشەویستیی مندالەکەم بکەم و قەتی نەبینمەوە. بەڵام ئامادە نیم مەرگی جگەر گۆشەی خۆم ببینم.منداڵەکەم بدە بەوژنەی. بەمجۆرە قازی بەم بریارە حەکیمانەیەی, زانی کە دایکی راستەقینەی ئەم منداڵە کێیە. ئێستائەم دەنگە منداڵ نیە و تەمەنێکی 30 ساڵەی هەیە ،بە ئەزموونە.خاوەن رابردوویەکی پر لە شانازی و سەروەری یە. ڕووبارێک خوێنی لە پشتە. بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە .دەنگی دلێری هەزاران پێشمەرگەیە کە فیداکارییان کردوەو داستانی نەبەردیی و نەبەزینیان لە سینگی مێژوو دا تۆمار کردوە. بەڵام بەداخەوەبە هەموو ئێش و ئازارەکەیەوە،ئەم دەنگە لەت بوەوبۆتە دووکەرت.وەرن باحەول بدەین لانی کەمەکەی ئەگە وێکتریش هەڵناکەین با نووکی هێرەشەکە بەرو سینگی دوژمنەسوێندخۆرەکەمان رابگرین و لە سینگی خۆمانی دوور کەینەوە.
چۆن دەروانیتە ئینشعاب لە حیزبی دێمۆکرات و دوو رێکخراو بوونی ئەو پارتە؟
بەژانترین و جەرگبڕترین کارەسات لە هەربزووتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە دا دیاردەی ئینشعاب و لێکترازانی ریزەکانی حیزبە شۆڕشگێرە کانی ناوگۆرەپانی خەباتە . ئەویش بۆ بزۆۆتنەوەیەکی شۆڕشگێرانەی وەک بزووتنەوەی کورد کەلە ناوچەیەکی ئیستراتێژیک و کێشە لەسەرو پر لە گۆنگەڵی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەڵکەوتبێ.کە دۆژمنێکی زاڵمو دڕندەی وەک رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەبێ. ئیدی ئەمە بە هێچ جۆرێک پاکانەی بۆ ناکرێو ناتوانی پاساوی بۆ بهێنێوە. کارەساتی لێکدابڕان ئەوەندە گەورەیە کە شوێنەواری زۆر نالەبار و نەرێنی لە سەر رەوتی بزووتنەوەی کورد داناوە. ئەمرۆ هەرکەسێکی ناشارەزای سیاسەتیش بێ دەزانێ کە کورد لە هەموو کاتێکی زیاتر نیازی بە یەکگرتن و لێک نیزیک بوونەوە هەیە. پێویستی بە وەی هەیە ناو ماڵی خۆی یەکخاو خۆی بۆ ئەگەرەکان ئامادە بکا. دەبێ شەقامی کوردی بە یەک خواست وبە یەک گووتار بێتە سەر سەحنەی سیاسی ئێران و رۆژهەڵات. بەڵام بەداخەوە ئەمرۆ دەبینین لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان، ئێران و ناوچە داچ بۆشایی یەک کەوتۆتە نێو بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. پەتا و نەخۆشی لێکدابران وەکوو شێرپەنجە هەموو لەشی هێزەکانی کوردی لەم بەشە گرینگەی کوردستان دا گرتۆەو یەک بەدوای یەکدا تووشی هەڵەی سیاسی گەورەو قەرەبوو نەکراویان دەکا. ئەگەر بەراستی ئەم ئینشعاباتو لێکهەڵپچرانانە بخەینە بەر رووناکی و تیشکی لێکۆڵینەوە. هیچ گرفتو کێشەیەکی سیاسیی و بیروباوەری تێدا نابینێوە جگە لە هەستی پاوانخوازی،مەقام پەرەستی، خۆبەزلزانی ،لووتبەرزی وخۆپەرەستی ژمارەیەک کە تەنیاو تەنیا بەرژەوەندی و قازانجی تاکە کەسی خۆیان بەلاوە گرینگە. ئەوەی بۆیان گرینگ نیە بەرژەوەندی کورد و مافە زەوتکراوەکانی ئەم کوردە هەژارو ماڵوێرانەیە.ئەوەی بۆیان گرینگ نیە گوێ نەدانە بە ویستی خەڵك. داخەکەشی لەوەی دایە هەرلایەنەی خۆی بە هەقدار دەزانێ و ئەویتر بە خەتابار. بێگومان مێژووقەزاوەتی عادڵانەی خۆی دەکاو بەدڵنیایەوە بەباشی لەسەریان نانووسێ .چونکە هێچ دەسکەوتو دیاریی یەکیان جگە لە چاندنی تۆوی دووبەرەکی وئاژاوە بۆ جیلی نوێ و بۆ بەرەی داهاتوو پێنەبوە. ئەگەریش هەروا بچێتە پێش لە کاروانی خەبات تا دێ دوورترو دوورتر دەکەونەوە. ئێستا کە ناوچەی رۆژهەڵات و مەنتەقە ئاوسانی گەلێک رووداوی پێشبینیکراوە. هێزەکانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ،نە تەنیا دەستی هاوکاریی و تەبایی بۆ لای یەکتریی درێژ ناکەن و بۆ ڕێکخستنیی نێوماڵی کورد هیچ حەولێک نادەن. بەڵکوو هەروا خەرێکی یەکتر بووغزاندن و نەفی کردن و رەتکردنەوەی یەکترن. ئەمرۆ سیاسەت لە ناو ئەو هیزانە دا بۆتە سیاسەتی رۆژ،دەست لەسەردەست دانان،سیاسەتی دەستگرتنەوە وخۆ بە قەزاو قەدەر ئەسپاردن و سیاسەتی ئیشاللا. چاوەرێی ئیمدادی غەیبی دەکەن کە دەستێکی بە هێزی وەکوو ئەمریکا بێ وبۆیان لە ئێراندا. ئەوەی بۆیان گرینگ نیە باوەر بە هێزی لەبن نەهاتووی خەڵکە. ئەوەی نایانهەوی و خۆیانیان لێ بێئاگا کردوە، ئیرادەو توانای لاوانی کوردە کە ئەمرۆ پێگەیون. ئەوەندە لە قاپیلکی خۆیان دا ماونەوە وشکڵیان گرتوەو لە خەڵک دوور کەوتوونەوە ،کە بەراستی بوونەتە پاشکۆی خەڵکی کوردستان. ئێستاشی لە گەڵ بێ هەر قەوانە سواوەکەی خۆیان لێدەدەنەوەو هەر بە ڕبەی 30 ساڵ لەمەوپێشی خۆیان هەڵسەنگاندن لە سەر خۆیان و بزووتنەوەی جەماوەری خەلکی کوردستان دەکەن..نازانم بەچ پێوانەیەک دەیانهەوێ کوردی رۆژهەڵات بەم شێوەبیرکردنەوە بەم تەرکیبە نارێک و نامەوزوونەلەخواستەکانی نیزیک
کەنەوە؟ من وەکوو تاکێکی کورد داوا لە رۆڵە شۆڕشگێرەکانی ریزەکانی ئەم حیزبە لەتو پەتکراوانەی رۆژهەلات بە تایبەتی هاوسەنگەرانی دوێنیی خۆم لە ریزەکانی حیزبی دێمۆکرات،حیزبی هەزاران شەهیدی گەل کە زانیان بۆچی هاتنو لە بەر چی گیانیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کوردستان کرد دەکەم،چی دیکە چاو لێکەری قەزاو قەدەر مەبن. ئێوە بە هێزن. تواناتان هەیە. دەتوانن زۆر هەنگاویی شۆڕشگیرانە باوێژن. حیزبی دێمۆکرات لەو گێژەنەی تێیکەوتوە رزگار بکەن.کۆتایی بە نامۆیی، ناتەبایی و پەرتەوازەیی بێنن. ئەمرۆ میللەتێک چاوی لە ئێوەیە. برواتان بە خۆتان هەبێ دەتوانن زۆر شت لە بەرژەوەندیی گەلی کورد دا بگۆرن.
كامیان به حیزبی دیموكرات دهناسیو لای تۆ كامیان نوێنهرایهتی ئهفكارو ئهندیشهی د. قاسملو دهكهن؟
وەڵام دانەوە بە پرسیارێکی وا وەکوو ئە وەی وایە لە ناو بنەماڵەیەکدا بەدوو کەس بە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە بڵێی کام یەک لەئێوە دایکتان زیاتر خۆش دەوێ. بە دڵنیایەوەئەوی هەرە خراپەکەیشیان سۆزو خۆشەویستی دایکی لە ناو دڵی دا رەگاژۆ بووە و ناتوانی حاشای لێبکەی. ئەگەر چاو لە تەرکیبی هەردوو حیزبەکە بکەی و لە سیاسەتیان بڕوانی. هەلسوکەوتیان هەڵسەنگێنی وبیرو ئەفکاریان لە هێڵەگ دەی . هەردوولایان ناووپرستیژوبیرو هزری دوکتور قاسملوویان کردۆتەچەکێک بۆ یەکتر کووتان و یەکتر بوغزاندن. هەردووک لایان ئێستاش کە ئێستایە هەر لە خەزێنەی گرانبەهای ناوی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی دەخۆن. بێگومان یەکجاریەکجار زۆرن ئەوانەی وا لە ریزەکانی هەر دوو باڵی حیزبدا, قاسملوو وەکوو رێبەرێکی کاریزماو وەکوو سەرکردەیەکی نەتەوەیی سەیر دەکەن و بیرو ئەندێشەی ئەوزاتە نەمرەیان کردۆتە توێشەبەرەی رێگای دوارۆژی خەباتیان. بەڵام با زەینی مێژووش لەمە زیاترخەوشدار نەکەین و سەر لە بەرەی داهاتووی ئەم کوردە بێدەرەتانە نەشێوێنین . من ناڵێـم دوکتور قاسملوو پیغەمبەر بوو هەڵەی نەبوو. دوکتور قاسملوو ئینسان بو،ئینسانیش هەڵەی هەیە بەڵام نە ئاوا کە بە و رێبەرە شەهیدەیان کرد. . هەتا دوکتور قاسملوو زیندوو بوو،چیان پێنەکرد؟چها کەس لە بەردەم سیاسەتەکانی نەبوونە کۆسپو لەمپەر،کارشکێنیان نەکرد!حەولیان نەدا کە ئەوزاتە گەورەیە نە بووغزێنن،دوژمنایەتی نەکەن،پشتی چۆل نەکەن؟ بۆمن گرینگ نێ کام یەک لەم دوو حیزبە دێمۆکراتە بە خەتو بێ خەتێوە، نوێنەرایەتی بیرو ئەفکاری دوکتور قاسملوو دەکاوکامیان بە رێگای ئەورێبەرە لە دەستچوویەمان دا دەرۆا . قاسملوو خەونێک و خەیاڵیک بوو،هاتو رۆیی.هەتا زیندوو بوو قەدرمان نەزانی. تازەش لە دەستمان چوە. هەزارحەیف ومخابن و ئاه و ناڵە بە پووڵێکی رەش. بەڵام گرینگ ئەوەیە بۆخۆمان ئەمرۆ چمان لە هەنبانە دایە؟چ لە دەستی خۆمان دێ بۆ ئەوکوردە ماڵوێرانە بکەین؟ ئەمرۆ کۆردبە قۆناخێکی زۆر زۆر هەستیار دا گوزەر دەکا،کێ وزەو توانای وەی هەیە لە ئوقیانووسی پر لە گێژەنو شەپۆلاوی سیاسەتی ئەمرۆ دا بایەوانی ئەو کەشتی یە بێ و کورد بەرولێوارەکانی سەرکەوتن رێنوێنی بکاو بۆ کورد هەنگاوی بە کردەوە و عەمەلی باوێژێ؟ بێگومان مێژوو دادوەرێکی عادڵە. با قەزاوەتەکەی بەو بسپێرین كامیان نوێنهرایهتی ئهفكارو ئهندیشهی د. قاسملو دهكهن؟
جیاوازی نێوان دوو حیزبی دیموكرات چیه؟ ئایا به راستی ئهو دوانه جیاوازن لێك یا نا؟
لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووترم دا ئاماژەم پێکرد، نە لە ناوەرۆکو نە لە قەوارەدا هیچ جیاوازی یەک لە نێوان ئەم دوو حیزبەدا نابینم،هەردووک لایان زادەی یە ک هەناون. سەرچاوەکەیان یەکە،یەک مەبەست و یەک ئامانجیان هەیەو بە یەک ئەدەبییات دەنووسن و خاوەنی یەک ئیستراتیژیکن. شەهیدەکانیان یەکە ناتوانن دابە شی کەن و هەردوو لاشیان لە ناو جەرگی ئەم خەڵکە هەڵقولاون..بەڵام بەداخەوە کاتێک،هێزێکت لە پاسیو بوون دا راگرت و سیاسەتت کرد بە پیشە وبە سەرچاوەی خۆ بەخێو کردن و داهات, ئەوەی بە سەر دێ کە ئێستا ئەم دوو حیزبە و حیزبە پرشو بڵاوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەر یان هاتوە. .تا ئێستاشی لەگەڵ بێ فەلسەفەی ئەو لێکدابڕانانە لەوانەیە بۆ خۆیان،بەلام نە بۆ ریزەکانیانو نە بۆ خەڵکی کوردستان روون نەبۆتەوە. پێمخۆشە روونبکرێتەوە دەسکەوتوقازانجی جیایی و جۆبوونەوە ،جگە لەبەهەدەر دانی وزەو توانای تاکەکانی کورد،ناهۆمێدی ودڵسارد کردنەوەی تێکۆشەرانی رێگای ئازادی وئاو لە ئاشی دۆژمن کردن و دۆژمن بە خۆت شادکردن،چ بەرهەمێکی دیکەی هەبۆە؟من بەشبەحاڵی خۆم هیچ جیاوازی یەکیان لە نێوان دا نابینم. بە قەولی دۆستێکم؛هەردەڵێی هەردووک لایان شەوانە خۆ لە یەکتری دەگرن کە بزانن بەیانی یەکەی دەڵێن چی ،کە عەینی شت بڵاو کەنەوە.چونکە بە یەک ئەدەبیات و بە یەک فەرهەنگ گۆش کراون وپەروەردە بوون. فەرقی چی؟من هیچ جیاوازێکیان لە ناویان دا نابینم.
به ههموو ئهوانهشهوه پێگهی حیزبی دیموكرات له ناو حیزبه كوردیهكان چون لێك دهدهیتهوه؟
دیارە سەرەرای هەموو ئەو ئاستەنگو چەڵەمانەی بە هۆی نەخۆشیو پەتای لێکدابڕانو پەرتەوازەیی تووشی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران هاتوە. سەرەرای لەدەستدانی رێژەی پتانسییل و هێزو توانای بە کردەوە لە مەیدانی خەبات دا ،سەرەرای تەریک کەوتنەوە لە سەرچاوەی بنەرەتی خەبات واتە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بە هۆی ئەمە کە حیزبی دێمۆکرات خاوەنی مێژوویەکی 64 ساڵەیە،دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردی بووە،گەورە رێبەرانی وەک پێشەوا،قاسملوو،شەرەفکەندی و هەزاران شەهیدی لەخوێندا شەڵاڵی کوردی لە داوێنی خۆی دا پێگەیاندوە و پەروەردەی کردوە. خاوەنی هەزاران داستانو چیرۆکی نەبەردیو بەرخۆدانو لەخۆبوردوویی رۆڵەکانی ئەم گەلەیە،ئێستاش وەکوو داربەروویەک رەگی لە ناو دڵی ئەم خەڵکە بە ئەمەگەدا داکوتاوە. راستە مزگەوتەکە رووخاوە،بەڵام محرابەکەی هەر ماوە.ئەویش رابردوویەکەیەتی.خۆشەویستی حیزبی دێمۆکرات بە هەردوو باڵەکەیەوە،ناڵێم زۆر بەڵام لە هەموو حیزبەکانی دیکەی کوردستان ز یا تر پارێزراوە. خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆریان لێ تووڕەن،زۆر یان لێ بە گلەیین،زۆریان لێ نارازین،بەڵام دەڵیی چی،ئەم خەڵکە دڵیان زۆر ئاواڵەیە و زۆر بەخشەندەن،زۆر بە رەحمن وسەبریان زۆرە. با بۆجارێکیش بێ ئەم حیزبانە بە خۆیان دابێنەوە.بیرێک لە ئاە و نزای ئەو دایکانە بکەنەوە کە سەردەمانێک ئەسپی شۆڕشیان بۆ رۆڵەکانیان زین دەکرد و بە سەخاوەتەوە رەوانەی مەیدانی خەباتیان دەکردن . با بیرێک لەو منداڵە شەهیدانە بکەنەوە کە بە بێ نازی بابیان باڵایان کردو گەورە بوون،بەڵکوو رۆژێک سەرکردەکانیان ئاوڕێک لە شانازی یەکانی بابیان بدەنەوە. با ئەورۆژە زێرینانە بێننەوە یادیان کە خوێنی رۆلەکانی مەڵبەندی ئاگری لە گەڵ خوێنی رۆلەکانی مەڵبەندی دالاهۆ ،خوێنی ئاڵی رۆڵەکانی پێشەوای کۆمار،لەگەل میراتگرانی دوازدە سوارەی زرێباری مەریوان تێکەڵ دەبێ .لاوکی سۆما دەبێتە میوانی حەیرانی مۆکریان و پێکەوە سروودی ئازادی بۆ هۆرەی قەڵخانی دەڵێنەوەحیزب بگەرێنەوە سەر ئەودۆخەی جاران. کارێکی وابکەن بادەلاقەیەک و دەراوێکی روون بۆ ئەو خەڵکە موبارەکە بکرێتەوە کە بە سەخاوەتەوە،بەبێ هیچ چاوەڕوانی یەک لە ژیانی خۆیان مایە دادەنێن،هەموو بێحورمەتی و ئازارو ئەشکەنجەیەک لە دۆژمنەکەیان تەحەمول دەکەن،بەڵام کۆلنادەن و لە هەموو رێگایەکەوە یارمەتیتان دەدەن. هەرکات رێزی ئەو خەڵکە لێقەوماوەیان لە بەر بوو ، بەدڵنیایی یەوە پێگەیانو خۆشەویستیان مسۆگەر دەبێ.
ئایا ئێستاش خۆشەویستیت بۆ حیزبی دێمۆکرات ماوە؟
پێموابێ لە وەڵامی پرسیارەکاندا ،دەبێ ئەمە ڕوون ببێتەوە هیچ پێوەندێکی رێکخراوەیی و تەشکیلاتیم بە حیزبی دێمۆکڕاتەوە نەماوە. بەڵام ئەگە رۆژێک بێتە سەر هەڵبژاردن و دووبارە ئەم هەستەم تێدا بگەشێتەوە. بە دڵنیاییوە هەر حیزبی دێمۆکڕات هەڵدەبژێرمەوە.چونکە ئەم حیزبە بۆ من بنەماڵە بوو. قوتابخانە و زانستگابوو. زۆر شتی فێر کردم،فێر بووم کوردستانم خۆش بوێ. فێر بووم خۆم و گەلەگەم و دوژمنانی رەنگاورەنگی گەلەکەم بناسم. ئەم حیزبەم خۆش دەوێ لەبەر ئەوەی تێیدا گەورەبووم. بیرۆ هزری ئاوەڵە کردم.خۆشم دەوی لە بەر ئەوەی گۆڵی تەمەنم لەم حیزبەدا کاڵ بۆوە. بە کەڵکترین و موفیدترین تەمەنی خۆم لە ریزەکانی دا تێپەر کرد. هەموو خۆشی و ناخۆشی و هەورازوو نشێوەکانی ئەم حیزبەم بە رەگ و پێستەوە هەست پێکرد و تێیدا بەشدار بووم. لە گەڵ هەموو ئەو مەرارەتانەی کە چێشتم،ئێستاشی لە گەڵ بێ ڕێز و خۆشەویستی و حورمەتم هەیە بۆ هەر دووباڵەکە و بەتایبەتی بۆ حیزبی دێمۆکراتێکی یەکگرتوو.ئێستاش پێوەندی دۆستانەی خۆم هەروا پاراستوە و لە زۆر لە بۆنەکاندا هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دوێنێی خۆم دەبینم. بە دایم لە گەڵیان لە تەماس دام.لەو جێگایەش کارم لە دەست هاتبێ درێخیم نەکردوە. لە جێگای خۆشی رەخنەو گازەندەی خۆم لێگرتوون.
بارودۆخی خهباتی كوردهكان له ئێران چون دهبینی؟
هەروەک دەزانین کورد پێشینەیەکی دوورو درێژی خەباتی بەکردەوە وعەمەلی هەیە لە ئێراندا.یەکەم گەلە کەبە کەڵک وەرگرتن لەئاگایی و شعووری سیاسی خۆی توانێوێتی بە شێوەیەکی کارا،خواستەکانی خۆی بێنێتە گۆڕی و خەباتی بۆ بکا.کارنامەی گەلی کورد لە ئێراندا ئەمە ی لە دۆست و نەیار گەیاندوە کە خەبات بۆ ئازادی درێژەی هەیە لە هەموو شکڵەکانی دا.لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری لە کوردستان بۆ دابین کردنی مافەکانی هاتە ئاراوە کە هەتاسالێ 1375 بە شێوەی چەکداری بەریوەچوو. بەدوای شەری کەنداوهاتنی هێزی هاوپەیمانان بۆ عێراق ودامەزرانی ناوچەی دژەفرین لە باشووری کوردستان،.پاشانیش رووخانی رێژیمی بەعسی عێراق, بزووتنەوەی رۆژهەلاتی کوردستان کەوتە ژێر کارتێکەری ئەم ئاڵوگۆڕانەی ناوچەکە.لە سالی 1375وە بە ملاوە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕێکی بنەرەتی بە سەر شێوەی خەباتی دا هات. پارتەکانی کوردی رۆژهەڵات ویەک لەوان حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران کە بە سەرەکی ترین هێزی نەیاری کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکرێ، بە کردەوە وازیان لە خەباتی چەکداری هێنا وەو لە ئۆردووگاکانی باشووری کوردستان بە شێوەیەکی کەجدارو مەریز دەرێژە بە ژیانی ئۆردووگا نشینی دە دەن. هەروەها تێرۆری دوو ڕێبەری لێوەشاوەوی حیزبی دێمۆکرات وەک دوکتور قاسملوو ودوکتور سادق شەرەفکەندی لە ماوەی سێ ساڵ دا زەبریکی گورچوو بڕی لە پەیکەری ئەم حیزبە دا. سەرەرای ئەمەش فشاری دوو هێزی سەرەکی و بە دەسەڵات گەێشتووی باشووری کوردستان یەکیەتی و پاڕتی لە ژێر دنەی کۆماری ئیسلامی بۆ لەژێر فشار نانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ راگرتنی چالاکی یەکانیان،هەروەها درێژ بوونەوەی ماوەی ئوردووگانشینی ، حیزبەکانی کوردی رۆژهەڵات و پاسیو بوونیان لە قووڵایی کوردستانی باشوور،بوو بە هۆی ئەوە چەند دەستەگی بکەوێتە نێوانیان و هەر رۆژەی شاهیدی لێکدابڕان و پەرتەوازەبوونیان بێن. بە جۆرێک کە هەر حیزبەی ببێتە چەند دەستە و تاقم. ئەم دیاردەیەش نەتەنیا هێچ سوودێکی بۆ بزووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات نەبوو.بەڵکووشوێنی زۆر نیگاتیڤیشی لە سەر هەستی کۆمەڵانی خەڵک و خۆدی حیزبەکان دا نا و زیانێکی قەرەبوو نەکراوشیی لە بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا دووری لە خەڵكی کوردستانی رۆژهەڵات وبێ ئاگایی لە ویستو داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی گوند و شارەکانی کوردستان، بێ متمانەیی ئەو خەڵکەی بۆحیزبەکانی رۆژهەلات بە دواوەوە بوە. ئەم پەرتەوازەیی یەی حیزبەکان بوو بە هۆی ئەوەبکەونە بازنەی گەمەیەکی مەترسی دار. بە جۆرێک هەرحیزبەی لە لای خۆیەوە چرای سەوزی بۆ کۆماری ئیسلامی هەڵکردو بووە کێبەرکێی نێوانیان. ئەمە لە لایەک،لەلایەکی دی لاوازی و کزی دەزگای راگەیاندن و سیستمی پرۆپاگەندی تەبلیغاتی ودەستە بەندی جیناحی و نەبوونی لۆبێکی چەند رەهەندیی لە دەرەوەی کوردستان ولاوازی تەشکیلاتی لە دونیای خاریج بە
تایبەتی لە ئۆروپا،هەندەی دیکە دوورەدیمەنی ئاسوی بزووتنەوەی کوردی رۆژهەلاتی تەماویی کردوەو خستویەتە پەراوێزەوە. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدائەمرۆ فەزای کوردستان فەزای 31 ساڵ لە مەپێش نیە.کوردستان ئاڵوگۆری بنەرەتی بە سەر داهاتوە ،هەرچەند رێژێمی کۆماری ئیسلامی هەموو هەوڵی ئەوەیە کورد لە دواکەوتویی خۆیدا رابگرێ. سەرەرای زۆڵمو زۆری لە رادەبەدەر، سەرەرای کوشتنو بڕینی بێبەزەیانە، سەرەرای سیاسەتی گرتن و بێ حۆرمەتی و ورد کردن و سوکایەتی کردن وهەڵاواردن و سیاسەتی تواندنەوە. بەڵام لاوی کورد و کۆمەڵگای کوردستان لە رەوتی شارستانیەت وەپاش نەکەتوە.کوردستان بە بەراورد لە گەڵ 30 ساڵ لەمەو پێش، چ لەباری سیاسی،چ لە باری کۆمەلایەتی وچ لەباری ئابووریەوە ئاڵوگۆڕی بە سەرداهاتوە هەنگاوی بە کردەوەی ناوە.لاوی کورد لە ناوخۆی کوردستان ئێستا دەزانێ چی دەوەێ. پێگەیوە،تێگەیوە،بە سانایی هەلومەرجەکە هەڵدەسەنگێنێ. دەستی ئاواڵەیە بۆ فێربوون. زانستگاکانی ئێران ئێستا هەر جمەی دەی لە کیژانو کورانی کوردی خوێندکار.ناوەندو ئەنجومەن و رێکخراوەی خۆیان هەیە و چالاکانە هەڵسو کەوت دەکەن. شعووری سیاسی کورد لە سەرێیە. دورووبەری خۆی بە باشی دەناسێ.مێشکی بە تەواویی تەیارە. بە مافەکان و ئەرکەکانی خۆی شارەزایە.ناسنامەی خۆی بە جوانی دەناسێ.ئەو سەردەمە بە سەر چوو بۆی ببنە دەمراست و بۆی بژمێرن کە دوو زیدە دوو دەبێتە چوار. با چی دیکە خۆمان لەو خەڵکە ئاگایەولەو کۆمەڵگا تێگەیشتوویە نەکەینە کوێخا. با چی دیکە خەتو نیشانیان بۆ نەکێشین.چوونکە. لێیان نامۆین.لێیان دوورین.نەلە شاییان داین و نە لە شینیان دا. ئێمەدەبێ خۆمان لە گەڵ هەلومەرجی ئێستای کوردستان و کۆمەڵانی خەلکی کوردستان بگونجێنین . هاوتەریب و شانبە شانی ئەوخەڵکە حەرەکەت بکەین . لانیکەمەکەی ئەگە ناتوانین کارێکیان بۆ بکەین با لێیان تێک ندەین. با لەو پێوەندی یە دا بیرەوەری یەک لە شەهیدی نەمر دوکتور سەعید ی زاناو بلیمەت باس بکەم.
ئەوکاتەی بنکەی دەفتەری سیاسی لە ''بۆڵێ''ی بناری قەندیل بوو. عێراق کەوتبوە بەرپەلاماری هێزی هاوپەیمانان و لە باشووری کوردستان بە هۆی ناوچەی دژە فڕین نیمچە ئازادی یەک بۆ خەڵکەکەی و حیزبە کوردی یەکان خۆڵقابوو . لە دانیشتنێکی دۆستانە دا لە گەل کاک سەعید دەرگای باسێکمان کردەوە،کە ئە گە خۆدا کردی هەلو مەرجێکی ئاوا بۆ ئێران و کوردستان هاتە پێش حیزب بەرنامەی چێ؟ کاک سەعید زۆر سادە،بەڵام زۆر بە جیددی فەرمووی: ئێمە وەکوو حیزبی دێمۆکرات ئەوەندە ئەرکەمان لە سەر شانە کە حیزب بەرێنەوە ناو شارەکان. ئینجا دەبێ ئەم حیزبەی بدەین بەو خەڵکەی.چوونکە بیرو فکری ئێمە فکری'' شاخ''ە و چوارچێوەی فکری ئێمە هەر لە جەغزیی شاخ دا دەخولێتەوە. ئەوە لێکدانەوەی کەسێک بوو کە بە شاهیدی دۆست ودۆژمن زۆر بە لێوەشاوەیی پێی خستە جێ پێی شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملوو.کەسێک کە بە قەدەر هەموو ئەوانەی لە وێ بوون شتی دەخوێندەوەو دەرفەتی بۆ فێر بوون لە کیس نەدەدا. بەڵام چونکە رێبەرێکی واقع گەرا بوو. پێی لە سەر ئەرز بوو.لە دۆنیای خەیاڵ دانەدەسووراوەوسەیری نەدەکرد و خەونی بە سەرکۆماریی ووەکیلی وەزیریی نەدەدیت. دوور دەیروانی و بە بیری تیژی راستی یە کانی دەدیت. دەیزانی کە ئەو خەڵکە قابیلیەت و توانایی ئەوەی هەیە بۆ خۆی سەرۆکی خوی دیاری بکا. تۆ بڵێی هەلێکی وا بڕەخسێ و ئەمانەی ئێستامان دەست بەرداری دەسەڵات بن ؟
رات سهبارهت به ههڵویستی حیزبهكان له سهر بزووتنهوهی سهوز له ئێران چیه؟
با لە پێشداهەستی خۆم لە سەر بزووتنەوەی سەوز یان کەسک وەک تاکێک دەرببڕم و پاشان پێناسەیەکی ئەم بزووتنەوەیە بکەین. .بزووتنەوەی سەوز بۆ من ئەو زێهنییەتەی پێکهێناوە و نیشاندەری ئەووێنە نەقاشی کراوەی ئیمامی ''عەلی'' یە کە شەمشیرێکی دوو تێغی زولفەقاری بە دەستەوەیەو کەشیدەیەکی سەوزی بە سەرەوەیەو لە پشتی شێرێکی دانێشتوو راوەستاوە. هەر لە خۆوە سامی ئەورەنگە سەوزە هەموو لەشی داگرتووم. جارێک ماڵم بە ئیسلامی سیاسی وێران بوو لە پەروو پۆی خستم،تۆ بڵێی جارێکی دیکەش ئەو رەنگە سەوزە ئەوەم لێ بە سەر نەهێنێتەوە ؟نازانم ئەگەر سبەی رۆژێ ئەم بزووتنەوە سەوزە کە ئێستا حیزبەکانی رۆژهەڵات کیسەیان بۆ هەڵدروە، جلەوی دەسەڵاتی گرتە دەست. بۆ کوردی ماڵوێران چی لە هەگبە دایە؟بزۆۆتنەوەیەک کە رێبەرەکانی بەشێکن لە چوارچێوەی دەسەڵات ،شەرێکە جینایەتن و دەستیان تا ئانیشکا ن بە خوێنی خەڵک ،بە تایبەتی خەڵکی کوردستان سوورە.هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە چوار چێوەی کۆماری ئیسلامی دادرێژە بە دەسەڵات بدەن. گەورەترین راپەرینی جەماوەریی لە سەرەتای هاوینی پارەکە لە شارە شیعە نشینە گەورەکانی وەک تاران،ئیسفەهان،شیراز ومەشهەد لە ماوەی تەمەنی سی سالەی کۆماری ئیسلامی ئێران دا سەری هەڵدا. لە ئەدەبیاتی سیاسی ئەمرۆی ئێراندا بە بزووتنەوەی سەوز(کەسک) ناسراوەو ناوبانگی دەرکردوە.هەروەک دەزانین لایەنگرانی میر حوسێنی موسەوی لە کێ بەركێی هەڵبژاردنەکانی سەرەک کۆماری دا رەنگی سەوزیان وەکوو سەمبوولی ئەو شانۆسازی یە دیاری کرد بوو. هەربۆیە ئەم بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەی سەوز ناوبانگی دەرکرد. ئەم بزووتنەوەیە مێژوویەکی کورتی چەند مانگەی هەیە و بە دوای دەهەمین خولی سەرۆک کۆماری لە سەرەتای هاوینی ساڵی رابردوودا هاتەئاراوەو ئەحمەدی نەژاد وەکوو براوەی ئەم شانۆسازی یە بۆ دووهەمین جار بوو بە سەرۆک کۆماری رێژیمی وەلایەتی فەقیهی ئیسلامی و خامەنەیش مۆری تەئیدی بۆ لێدا. بەمجۆرە بەدوای دیاری کردنی ئەحمەدی نەژاد بە سەرۆک کۆماری وڵات خۆپێشاندانو نارەزایەتیی بەرینی لایەنگرانی دوو پالێوراوی دیکە ی سەرۆک کۆماریی واتە''میر حوسێنی موسەوی''و''مەهدی کەرووبی'' لێکەوتەوە. خەڵک داوای دەنگەکانی خۆیان دەکردەوە. ئەم حەرەکەتەی خەڵک کە تا ئیستا لە مێژووی رێژیمی ئاخۆندەکاندا وێنەی وای بە خۆیەوە نەدیوە ورێژیمیش خۆی بۆ ئامادە نەکرد بوو. پایەکانی دەسەڵاتی لەرزاند. بەلام کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە سەرکووتگەرەکانی لەبەر چاوی مێدیاکانی دەرەوە بێترس وبە شێوەیەکی دڕندانە کەوتە گیانی خۆپێشاندەران. لە هەمە جۆرە زەبروزەنگێک بۆ دامرکاندنی ئەو ئێعترازاتە جەماوەرییانە کەڵکی وەرگرت. بزووتنەوەی سەوز لە چەندین بۆنە دا کەمو زۆر هاتە مەیدان و دوایین حەرەکەتی ئیعترازیی بزووتنەوەی سەوز لە 22ی رێبەندان 31مین ساڵوەگەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دا رووی دا کە زۆر لایەن کیسەیان بۆ هەڵدروو بوو پێیان وابوو رێژیم دەرووخێ وجەریانی سەوز دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ. بەڵام دیتمان لەم رۆژەدا بزووتنەوەی سەوز رەنگێکی ئەوتوی نەبوو. ئەوانەی دڵیان بەم رۆژە خۆش بوو شۆڕشێکی دیکە روو بداتەوە ناهۆمێدی رووی تێ کردن. ئەمە لەبەر ئەوەی نەبوو کە دەسەڵات بەهێزەو توانای سەرکوت و دامرکاندنی هەرچەشنە راپەرین و سەرهەڵدانێکی هەیە.لە بەر ئەوەی بوو بزۆتنەوەی سەوز بە پێی ئەو درووشم و دەنگانە ی دەیدا ئەو ناروونی و لە خۆ بایی بوونەی سەرانی ئەو بزووتنەوەیە دەیان نواند . ئەمەیان نیشان دا کە بزووتنەوەیەکی بەرینی جەماوەری نیە و تەنیا بەشێک لە نەتەوەی فارس لە خۆ دەگرێ. بە وتەیەکی دیکە ئێران وڵاتێکی فرە گەلی یە و جگە لە نەتەوەی دەسەڵاتدار، نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد،ئازەری،بەلوچ،عەرەب وتورکەمەن بە ئایین و بیری جیاوازەوە لە پانتایی وڵاتێک بە ناوی ئێران دەژین.بەڵام بزووتنەوەی سەوز تا ئێستاشی لە گەڵ بێ پلاتفۆرم و بەرنامەیەکی تۆکمە و روون و شەففافی بۆ ئەم گەلانە پێ نیە و هیج مافێکی دیاری نەکردوە.هەر لەم روانگەیەوە ناتوانێ ببێتە بزووتنەوەیەکی هەمەگیر و هەمە لایەنە و هەمەرەنگی پەلکە زێرینەیی.
هەروەک لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشووتر دا ئاماژەم پێکرد. بە دوای لێکترازانو پچر پچر بوونی پارتو رێکخراوەکانی کوردی نەیاری کۆماری ئیسلامی ئەم حیزبانە تووشی قەیرانی نێوخۆیی هاتوون و هەرلایەنە بۆ ئەوەی ئیمتیازێک وەرگرێ.خەریکی مامەلە و ساتو سەودا لە گەڵ ئەو بزووتنەوە سەوزەیە. لەم لاشەوە بزووتنەوەی سەوز بە کەڵک وەرگرتن لە پڕشو بڵاوی شەقامی کوردی هەلەکەی قۆستۆتەوە و بە کەمترین رادەی ماف کەوتۆتە دیالۆگ لە گەڵیان. بە باوەڕی من ئەمە خۆشخەیالی یە ئەگەر بڕوا بێنین بزووتنەوەی سەوز شتێکی بۆ کورد پێیە. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر لەمە وشیارترو سیاسیترن کە حیزبەکانیان پێیان وابێ بزووتنەوەی سەوز مافێک بۆ کورد دیاری دەکا.حیزبەکان ئەگەر ئەو تێگەیشتنەی خەڵکیان هەبایە.خەلکی کورد بە پیر بانگەوازەکەیانەوە دەچوو کە داوایان کرد بوو لە 22ی رێبەندان خەڵکی کۆردستان هاوشانی بزووتنەوەی سەوز بڕژێنە شەقامەکان.کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زۆر چاک دەزانن لە ئیمامزادەی جەریانێک بە ناوی ''بزووتنەوەی سەوز'' هیچ مۆعجزەیەک روو نادا. شەقامی کوردی بە و پەرش و بڵاوەیەی کە هەیەتی ئەگەر پێیوایە لەو سەرەتاتکە و چاوداگرتنانەدا شتێکی وەدەست دەکەوی،بێگومان کڵاوی لە سەر خۆی داناوە،نە لە سەر خەڵکی کوردستان.
راگهیاندنی كوردی به ههموو جۆرهكانی له كوردستانی ئێران چون دهبینی؟
بە بەراورد لەگەڵ بەروپێشچوونی تێکنۆلۆژی لە بواری راگەیاندن داو لە گەڵ ئەوەیکە مێدیا رۆڵ و نەخشێکی کارا و هەمەگیر لە رەوتی بەروپێشچوونی ژیانی ئادەمیزاد وکۆمەڵگا ومافەکانی مروڤ دا دەگێری. میدیا و راگەیاندنی کوردیش لەم پێشکەوتنە بێبەریی نەبوە. ئەگەر لەگەڵ ساڵانی سەرەتای شۆڕش هەڵیسەنگێنین و بەراوردی بکەین پێشکەوتنی هەبوە، ناتوانرێ حاشای لێبکرێ. بەڵام نە ئەوەندە کە وەڵامدەری داخوازەکانی کۆمەڵی کوردەواریی،ئێران،ناوچە و بە گشتی ئەم جیهانە بێ کە کوردستانیش بە شێکی بچووکێتی. مێدیاو راگەیاندنی کوردی وەکوو حیزب و رێکخراوەکانی پڕشو بڵاوە. زۆربەی نێزیک بە تەواوی سەر بە لایەنەکانن.مێدیا و راگەیاندنێکی سەربەخۆ یان هەر نیە یا ئەگەریش هەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان لایەنێکی لە پشتە. چوونکە راگەیاندن دەبێ سەرچاوەیەکی ماڵی لە پشت بێ. بە داخەوە لۆبێکی کۆردی وناوەندێکی سەربەخۆ نیە کە لە باری ماڵێوە دابێنی ئەم راگەیاندنە بکا .
بە باوەریی من رووناکبیری کورد دەبێ دەحەوڵی ئەوە دابێ و بیر لەراگەیاندنێکی سەر بە خۆو بە دوور لە دەست تێوەردانی دەرەکی و جیناحی بکاتەوە. دەبێ دەزگایەکی سەر بە خۆ دامەزرێنی و حەول بۆ ئەوە بدرێ کە شەقامی کوردی رێکبخا،کۆمەڵکا بە ئەرکو مافەکانی ئاشنا بکا،دەنگی یەکبوون و بە هەوڕابوون بڵاو بکاتەوە. ببێتە تریبوونێک بۆ هەموو ئەو ئینسانە ئازادانەی کە تەنیا و تەنیا ئامانجیان ڕزگاری کوردو کوردستانە.بابیرەوەری یەکی خۆم لە گەڵ شەهیدی سەرکردە دوکتور قاسملووی ماموستا لە مەر کاری راگەیاندن بکەمە کۆتایی وەڵامی پرسیارەکەت. ساڵێ 1359ی هەتاوی چەند رۆژێک لەدەستبەکاربوونی یەکەم دەزگای راگەیاندنی کوردیی''رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران'' تێپەریبوو. کاک دوکتورقاسملوو کۆبوونەوەیەکی لە گەڵ کارگێرانی رادیو کە لە قامکەکانی دەست تێنەدەپەڕین پێکهێنا. لەوکۆبوونەوەیەدا فەرمووی: دەزانم ئێوە کە ئەمرۆ لە سەنگەری دەنگی کوردستانی ئێرانداکار دەکەن،هیچ یەک لە ئێوە لەم بوارەدا پسپۆڕی نێە وهیچکامتان بۆ ئەم مەبەستە دەورەتان نەدیوە. بەڵام ئەمە ئەرکێکە کە کەوتۆتە سەر شانتان. دەزانم لە رەوتی کارەکانتان دا تووشی هەڵە دەبن. گیرو گرفتتان دێتە سەر رێ. ئەمەش شتێکی سرووشتی یە وگرینگ نیە. دەبێ هەڵە بکەن. بەلام لە جەریانی کارەکانتاندا هەڵەکانی خۆتان راست کەنەوە.چوونکە ئێستا لە شاخ داین و هەنووکە دەرفەتو مەجالی ئەوەمان نیە کادر بۆ بەشی راگەیاندن بار بێنین. مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەری یە کورتە ئەوە بوو کە ئەوکات هەبوو نەبوو بەوهەموە کوردستانە گەورەیەی رادیۆیەک هەبوو. ئەوێش بەوتەرکیبە.کەم کەس ئەزموونی راگەیاندن و مێدیایی نەبوو.بەڵام ئێستا هەزارماشاڵڵا هەموو پسپۆڕن و توانایان هەیە. بەڵام تواناکانیان کانالیزە نەکردوە و لەخزمەت بەرژەوەندی یەکانی رێکخراوەیی دایە. کورد کەمتر سوودی لێ دەبێنێ.
بە سپاس لەو دەرفەتەی پێتان دام،هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم
ئەحمەد شێربەگی
ناوم ئەحمەد شێربەگی یە.12 رەشەمەی 1333هەتاوی بەرامبەر بە 1954 زاینی لە داوێنی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەی شاری مەهاباد لەدایک بووم.
خوێندنی سەرەتایی،ناوەندی و دواناوەندیم هەر لەم شارە لە بەشی ئەدەبیات دا تەواو کردوە.
بۆ درێژەدانی خوێندن لە بەشی وەرزیش چوومەشاری ''ورمێ''.
بەدوای رێورەسمی بە خاکسپاردنی شەهید کاک عەزیزی یۆسفی قارەمانی نێو زیندانەکانی رێژیمی پەهلەوی لە رۆژی 15 جۆزەردانی ساڵی 1357 بۆرکانی هەستم تەقێوە و تێکەڵی خۆپێشاندانەکانی شاری مەهاباد لە دژی دامودەزگای داپلۆسێنەری رێژیمی حەمە رەزا شا بووم.
یەکەم سروودی شۆڕشگیریم لە کاتی ناشتنی تەرمی ''شەهید سید عومەر''دا خوێندەوە،ئەمە بوو بە سەرەتایەک کە لە نیزیک بە تەواوی خۆپێشاندانەکانی شاری مەهاباد دا بەشداری بکەم وبەدانی درووشم و خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانە هانی کۆمەڵانی بە هەستی خەڵکی شاری مەهابادودەورووبەری بدەم.
لە بەهاری سالی 1358 لە ریگای تێکۆشەری نەمر کاک تەهای عەتیقی پێوەندیم بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە گرتو لە بەشی راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی دا دەستم بە تێکۆشان کرد.لە یەکێتی لاوانی دێمۆکراتی کوردستان دا کۆمەڵێک سروودی شۆڕشگێریم تۆمار کرد.
29 ی جۆزەردانی 1359 لەسەر بریاری رێبەرایەتی حیزب بانگهێشتی ''رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران''کرام، رۆژی 30 جۆزەردان بە رەسمی تێکۆشانی خۆم لەم دەزگایەدا دەست پێکرد ، 20ی خەرمانانی سالی 1374ی هەتاوی ئوردووگای
قەڵای ‘’کۆی’’ یەم لە باشووری کوردستان بەرەو ژیانی تاراوگەیی لە وڵاتی "سویس''بەجێهێشت. ئێستا لە هیچ رێکخراوێکی کوردی دا ئەندام نیم. ساڵی 1377ژیانی هاوبەشم پێکهێناوە.