خه‌ڵکی كوردستان به پێی تێگه‌یشتنی خۆیان بڕیار ده‌ده‌ن، نه‌ک به پێی هه‌ڵوێستی حیزبه‌کان
27 / 2 / 2010
به‌یان: هۆكاری به ده‌نگه‌وه نه‌هاتنی كوردستانیه‌كان بۆ بانگه‌وازی حیزبه‌كان له مه‌ر به‌شداریكردنیان له خۆپێشاندانه‌كانی 22ی رێبه‌ندانی ئه‌مسال‌و بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزو داخوازیه‌كانی خه‌لكی كوردستان‌و هه‌روه‌ها سیاسه‌تی راست‌و چه‌پ لێدانی حیزبه‌كان له هه‌ڵویستوه‌رگرتن به‌رامبه‌ر ئه‌و رووداوانه نێوئاخنی دیمانه‌یه‌كی سایتی به‌یان له گه‌ل حسین یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆكی پارتی ئازادی كوردستان پێك ده‌هێنیت كه سه‌رنجتان بۆ خوێندنه‌وه‌ی راده‌كێشین
رۆژی 22ی رێبه‌ندان له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حیزبه كوردیه‌كان داوایان له خه‌لكی كوردستان كرد هاوشان له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز بێنه سه‌ر شه‌قام‌و به دژی حكومه‌ت راوه‌ستنه‌وه به‌ڵام ئه‌و داواكارییه له كوردستان وه‌رنه‌گیرا؟
ئه‌م پرسیاره چه‌ن پرس وبابه‌تێکی له‌خۆ گرتووه: هه‌ڵوێستی حیزبه کوردییه‌کان، داواکه‌یان له خه‌ڵک و نه‌هاتنه سه‌رشه‌قامی خه‌ڵک.
راسته هه‌ڵوێستی حیزبه‌کان به‌وجۆره بوو، به‌ڵام ته‌رزی داواکه که‌موکوڕی بنه‌ڕه‌تی تێدا بوو. حیزبه‌کان هه‌موو پێکه‌وه هه‌ڵوێستیان نه‌گرت. گروپێک پێکه‌وه و ئه‌وانی دیکه‌ش هه‌ر کام به جیا هه‌ڵوێستیان گرت. بێجگه له‌وه‌ش، خه‌ڵک به داوایه‌کی یه‌ک دوو رۆژه بۆ هه‌نگاوێکی گه‌وره حازر ناکرێ. داوایه‌کی وا لانی که‌م 10 رۆژ کاری راگه‌یاندن و رێکخستنی پێویسته. به‌داخه‌وه ئه‌مجاره‌ش حیزبه کوردییه‌کان نه‌یانتوانی به یه‌ک هه‌ڵوێستی خۆیان، ریزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان، یه‌ک بخه‌ن. له‌مه‌ڕ داواکارییه‌که، ده‌بێ بڵێم، ئه‌و داواکارییه له‌جێی خۆێدا نه‌بوو. ئه‌ی بۆچی خه‌ڵکی کوردستان نه‌هاتنه سه‌رشه‌قام، ئه‌وه لێکدانه‌وه‌یه‌کی وردی گه‌ره‌که. من حه‌ول ده‌ده‌م ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م دیمانه‌یه هه‌لیده‌گرێ وه‌لامی پێبده‌مه‌وه:
نه‌هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵک له کوردستان له ئاستی گه‌وره‌دا ده‌توانێ ئه‌م هۆکارانه‌ی له پشت بێ:
1- له به‌ر ئه‌وه‌ی تاکی کورد و خه‌ڵکی کوردستان، به جۆرێک پرسی نه‌ته‌وایه‌تییان لا گرینگه، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له و رووداوێک له‌م پرسه‌وه سه‌ری هه‌ڵنه‌دابێ ، رای گشتی له سه‌ر دروست نابێ و نایانجووڵێنێ که بۆی بێنه سه‌ر شه‌قام و فیداکاری بۆ بکه‌ن. له لایه‌کی دیکه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی هۆکار و هانده‌ر و نێوه‌رۆکی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وایه‌تی کورد دوو شتی لێک جیاوازن و بزووتنه‌ه‌ی سه‌وز هیچ راده‌یه‌ک له داکۆکی له مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی کوردی له خۆ نه‌گرتووه،کورد له کوردستان هاوشانی له گه‌ڵ ناکا بۆ هاتنه سه‌رشه‌قام و قوربانییدان.
2- هاتنه سه‌ر شه‌قامی خه‌ڵک بێجگه له لایه‌نی عه‌قڵانی، پێویستی به ئاماده بوونی لایه‌نی هه‌ست و سۆزی مرۆڤ و پێگرتنی که‌شێکی حه‌ماسی هه‌یه. له کوردستان ئه‌وه له نێو خه‌ڵکدا دروست نه‌بووه. چوونکه بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و راپه‌رینی خه‌ڵک له سه‌ر بابه‌تێک روویدا که مه‌سه‌له‌یه‌کی ناوه‌ندی بوو و کارێکی ئه‌وتۆی له سه‌ر هه‌ستی گشتی خه‌ڵکی کوردستان نه‌کرد که گیانیان بخه‌نه سه‌ر ده‌ست و روو له شه‌قامه‌کان که‌ن؛ ئه‌و جۆره‌ی بۆ شوانه‌ی سه‌ی قادریان کرد.
له ئاستی لێکدانه‌وه‌ی وردیش دا ده‌کرێ ئه‌م خاڵانه ده‌سنیشان بکه‌ین:
1- هێشتا ئاسه‌واره‌کانی سه‌رکوتی راپه‌رینی یه‌ک مانگه‌ی ساڵی2005 رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان که شه‌هید کردنی شوانه‌ی سه‌ید قادر بوو به چه‌خماخه‌ی، له کوردستان ماون و هێشتا ئه‌و وزه‌یه بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام پێک نه‌هاتووه‌ته‌وه.
2- له هه‌لومه‌رجی میلیتاریزه‌کراوی کوردستاندا و به ده‌ست ئاواڵه‌ییه‌ک که هێزه داگیرکه‌ره‌کان بۆ کوشتنی رۆڵه‌ی کورد هه‌یانه، سه‌رکوتی توندی خۆپیشاندان بۆ ئه‌و هێزانه سووک و ئاسانه. رۆژی 22 رێبه‌ندان ئه‌م دۆخه میلیتاریستییه توندتر و به‌ربڵاوتر کرا بوو له شاره‌کانی کوردستان.
ئایا ئه‌و هه‌ڵوێست و داواكارییه له خه‌لك له جێی خۆی بوو؟ ئه‌گه‌ر وایه بۆ پێشوازی لی نه‌كرا؟
هه‌ڵوێست گرتنی حیزبه‌کان له‌جێی خۆی بوو. چۆن ده‌کرا، هێزه کوردییه‌کان له‌حاست رۆژێکی وا له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا بێ ده‌نگ وهه‌ڵوێست بان. به‌ڵام وه‌ک پێشتر گوتم، پێکه‌وه نه‌بوونی هه‌موو حیزبه‌کان که‌موکوڕییه‌کی بنه‌ڕه‌تی بوو. به‌ڵام داواکاری بۆ هاتنه سه‌رشه‌قام، به‌و هۆیانه‌ی ئاماژه‌م پێدان داوایه‌کی دروست وبه‌وه‌خت نه‌بوو.
بۆ خه‌لكی كوردستان به ده‌نگ بانگه‌وازی ئیوه‌وه نه‌هاتن؟
بانگه‌وازی ئێمه یه‌کگرتووانه نه‌بوو. ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌یانه‌وێ وئه‌وه‌ی ئه‌وان بیری لێده‌که‌نه‌وه‌و کاریان تێده‌کا، له گه‌ڵ پاساوی حیزبه‌کان بۆ هاوکاری نه‌کردن و خۆبواردن له هه‌ڵوێستی یه‌کگرتووانه دوو شتی لێک دوور‌و لێک جیاوازن. رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌ده‌نگ به‌نگه‌وازی یه‌کگرتووانه‌ی حیزبه‌کانه‌وه دێن، نه‌ک دووسێ بانگه‌وازی جیا له‌یه‌کتر. هه‌ر وه‌ها داوای هاتنه سه‌ر شه‌قام داوایه‌کی به وه‌خت نه‌بوو.
كۆمه‌له‌ی شۆرشگیر‌و حدكا تا مردنی مونته‌زیریش به گۆمانه‌وه ده‌یانروانیه ئه‌و بزووتنه‌وه سه‌وزه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانیش له دواجاردا وه‌ك ئیوه داوایان له خه‌لك كرد خۆپێشاندان بكه‌ن. ئه‌مه چون ته‌فسیر ده‌كرێت له لای ئیوه؟
دوورکه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی نێوانمان له جۆری خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی کاتی هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵوێستمان له ئاست هه‌ڵبژاردندا سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌ڵوێستی سیاسیی ده‌بێ وه‌ک ئا‌ڵقه‌ی زنجیرێک پێکه‌وه‌به‌ستراو وسیستماتیک بێ. حدکا وکۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ هه‌ڵبژاردنیان ته‌حریم کرد، گوتیان کاندیداکان هیچ چه‌شنه جیاوازییه‌کیان پێکه‌وه نییه، رایانگه‌یاند که خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردندا به‌شدارییان نه‌کردووه و سنووقه‌کانی ده‌نگ دان، چۆڵ وهۆڵ بوون. که‌چی پاش ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به سه‌دان هه‌زار خه‌ڵک له تاران و ژماره‌یه‌ک شاری گه‌وره‌ی دیکه ده‌ڕژێنه سه‌رشه‌قام وهاوار ده‌که‌ن" کوا ده‌نگی من؟" سروشتیی‌و مه‌نتقیه که ئه‌و حیزبانه‌ی گوتوویانه خه‌ڵک به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌بوون و کاندیداکان جیاوازییان نه‌بووه و هه‌ڵوێستی ته‌حریمی هه‌ڵبژاردنیان گرتووه، هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته بگر‌ن که" حدکا" له‌سه‌ره‌تاوه رایگه‌یاند" ئه‌وه کێشه‌ی باڵه‌کانی رێژیمه و پێوه‌ندیی به خه‌ڵکی کوردستانه‌وه نییه". به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ پڕاگماتیستانه جووڵایه‌وه‌و له سیستماتیک بوونی هه‌ڵوێست لایدا و پشتیوانی له خه‌ڵکی راپه‌ڕیوکردو له‌وه‌شی تێپه‌ڕاند و داوای له‌خه‌ڵکی کوردستان کرد که بڕژێنه سه‌ر شه‌قام. سه‌ره‌نجام کاتێ راپه‌ڕین په‌ره‌ی گرت و گه‌یشته رۆژه‌کانی 13 خه‌زه‌ڵوه‌ر و 16 سه‌رماوه‌زو رۆژی عاشورا، سووڕان له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی حدکاش ده‌ستی پێ‌کرد. به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ زۆر رۆیشتن و له دوایین لێکدانه‌وه‌دا ئه‌و زه‌رفییه‌ته بۆ بزووتنه‌وی سه‌وز قایل بوون که مافه نه‌ته‌وایه‌تیه‌کانی گه‌لانی ئێرانیش وه‌دیی بینێ.
به‌ڵام سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی ئێمه له حاست هه‌ڵبژاردن و دۆخی پاش هه‌ڵبژاردن، سیستماتیک و پێکه‌وه به‌ستراو بووه. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووین که خه‌ڵک به‌دوای رهوژهنێکی هه‌رچه‌ن بچووک دا ده‌گه‌ڕێن بۆ هه‌ناسه‌دان. خه‌ڵک ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردن له نێوان چاک و خراپیان نه‌بوو. ئه‌وان به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕان که له نێوان خراپ و خراپتردا، خراپه‌که هه‌ڵبژێرن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه له‌نێو ریزه‌کانی رێژیم‌دا، ناکۆکیی و کێشه‌ی واقعی هه‌بوو که ئه‌مه له سیاسه‌تدا له‌هه‌موو جیهان و له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا حیسابی بۆ کراوه‌و ده‌بێ بۆی ب‌کرێ. هه‌روه‌ها کاندیداکان نه له‌ئاستی فه‌ردی و نه له‌ئاستی به‌رنامه‌و نه له‌ئاستی ئه‌تنیکی دا هه‌موو وه‌ک یه‌ک نه‌بوون. له هه‌ر سێ ئاست دا له نێوان که‌ڕوبی و موسه‌وی له‌لایه‌ک و ئه‌حمه‌دی نژاد له‌لایه‌کی دیکه‌وه جیاوازی هه‌بوو. ئێمه له حاست ئه‌و جیاوازییانه چاومان نه‌نووقاندو دیتمانن. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بووین که هه‌ڵبژاردن و سنووقه‌کان ئه‌گه‌رچی له‌هیچ حاڵه‌تێکی پێشبینی کراودا، ئازادیی و دیموکراسی ومافی نه‌ته‌وایه‌تی لێ نایه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵام، به‌هه‌ر لایه‌کدا بکه‌وێ ده‌رفه‌تێکی لێده‌که‌وێته‌وه. ئێمه به‌دوای ئه‌و ده‌رفه‌ته‌وه بووین. بۆیه سیاسه‌تی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنمان گرته‌به‌ر. کاتێکیش که خه‌ڵک دژ به کووده‌تای خامنه‌یی_ ئه‌حمه‌دی نژاد هاتنه سه‌رشه‌قام و داوای ده‌نگی خۆیان کرد مه‌نتق وای ده‌خواست که دوو دڵ نه‌بین له پشتیوانی له خه‌ڵکی راپه‌ڕیو. به‌ڵام ئێمه وه‌ک PAK، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هه‌رگیزو تائێستاش داوامان له خه‌ڵکی کوردستان نه‌کردووه، بێنه سه‌رشه‌قام و خۆپیشاندان بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت جیاوازی سیاسه‌تی ئێمه له‌م باره‌وه، ته‌نیا له‌گه‌ڵ حدکا‌و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ نییه. به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ حدک/ یش جیاوازیی هه‌یه،به‌ڵام ده‌ره‌نجامی هه‌ڵوێسته‌کانمان له هێندێک شت دا نزیکی لێکه‌وتووه‌ته‌وه.
تا چه‌نده ئه‌و 4 حیزبه هاوهه‌ڵویست بوون له ده‌ركردنی ئه‌و به‌یاننامه؟ چونكه له میزگرده‌كه‌ی كوردكانال قسه‌كانتان وه‌ك یه‌ك نه‌بوون، ئه‌مه له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه زۆر جیاوازیشی هه‌بوو له گه‌ل مه‌تنی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌كه؟
ئه‌و 4 لایه‌نه نه‌ک هه‌ر له ده‌رکردنی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌که به‌ڵکوو له‌وه‌شدا که حدکا و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕیش،له‌خۆبگرێ هاوهه‌ڵوێست بووین و هه‌رکام به‌گوێره‌ی خۆی له‌م پێناوه‌دا حه‌ولی دا.
مێزگرده‌که بۆ ئه‌وه نه‌بوو که یه‌ک خوێندنه‌وه، یه‌ک شت ویه‌ک قسه رابگه‌ێنین. مێزگرده‌که بۆ ئه‌وه بوو که هه‌رکام له حیزبه‌کان روانگه و بۆچوونی خۆیان ده‌رببڕن. دیاره شتی وه‌ک یه‌ک و نزیک له‌یه‌ک و دوور له یه‌کیشی تێدا بوو. جیاوازی قسه‌ی ئێمه له گه‌ل ده‌قی به‌یاننامه‌که له‌وه‌دا بوو که ئێمه چ له مێزگرده‌که‌دا و چ له کاتی ده‌ستاوده‌ستکردنی به‌یاننامه‌که بۆ ساخ بوونه‌وه له‌سه‌ری، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووین که داوا له خه‌ڵکی کوردستان ب‌کرێ له 22 رێبه‌ندان دا بێنه سه‌ر شه‌قامه‌کان و خۆپیشاندان سازبکه‌ن. له کاتی پێداچوونه‌وه به به‌یاننامه‌که‌شدا ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووین که ئه‌و داوایه ب‌کرێ. به‌ڵام دیار بوو لایه‌نه‌کانی دیکه له سه‌ری پێ‌داگر بوون. ئێمه ئێستاش بۆچوونی خۆمان به دروست ده‌زانین که نه ئه‌و کات و نه ئێستاش به کاتی هاتنه سه‌رشه‌قامی خه‌ڵک له کوردستان نازانیین.
حدكا‌و كۆمه‌له‌ی شۆرشگیریش له كۆتایدا هاتنه سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی ئیوه بۆ بانگێشتكردنی خه‌لك، هۆكاری چی بوو له گه‌ڵ ئیوه به‌یاننامه هاوبه‌شه‌كه‌یان ئیمزا نه‌كرد؟
کێشه‌که هی ئه‌و رۆژه نه‌بوو. ئه‌م کێشه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و لێکدابڕانانه‌دا سه‌ری هه‌ڵدا که له حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران‌دا، روویان دا. ئه‌وه بۆ خودی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه. هه‌رکام له‌وان ئاماده‌نین له گه‌ڵ هاورێیانی پێشوویان که له‌یه‌ک دابڕاون، هاوکاری بکه‌ن. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین هه‌ر که‌سێ که چوارچێوه‌ی حیزبێک به‌جێ دێڵێ، ناو ونیشانی خۆی به‌جۆرێ بگۆڕێ که له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دیکه جیاوازیی ته‌واوی هه‌بێ. من له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که تێکۆشه‌ر یان تێکۆشه‌رانێک که به هه‌ر هۆیه‌ک ریزی خۆیان له ریزی هاورێیانیان جیا ده‌که‌نه‌وه پێویسته له پێناو ئامانجی به‌رز و له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی، خۆ له نووسان به ناو ونیشانی رابردووی حیزبی ببوێرن و له‌سه‌ر توانا و هێزی خۆیان حیساب بکه‌ن و ئه‌وه‌نده به مێرات و رابردووه‌وه نه‌نووسێن و حه‌ولی داهێنانی ناو و ناوه‌رۆکی نوێ بده‌ن. به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ش نه‌که‌وته‌وه‌و ولایه‌نی دابڕاو، توانی بوونی خۆی بسه‌لمێنێ و ببێته" واقع" و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی حیزبێکی سیاسی له‌خۆی نیشان بدا، باشتره ته‌عامولی له گه‌ڵدا ب‌کرێ. خۆئه‌گه‌ر ناوونیشانیش له‌یه‌ک بچێ، به ڕێبه‌رایه‌تی و که‌سایه‌تییه ناسراوه‌کانی و سیاسه‌ت وهه‌ڵوێسته‌کانیدا ده‌ناسرێته‌وه. من پێموایه رۆژێ هه‌ر رچه‌ی ئه‌و رێگایه ده‌شکێ. ته‌نیا ده‌بێ زه‌مان بناسین.
له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی حیزبه‌كان كه‌نالی راگه‌یاندنیان هه‌یه وه‌ك ته‌له‌فزیۆن، به‌لام هه‌ست ده‌كرێت لێدوان‌و به‌یاننامه‌و داواكاریه‌كانیان له كۆمه‌لگا وه‌رناگیردرێ. كه داوای بایكۆت ده‌كه‌ن به‌شداریكردنی به‌ربلاوی خه‌لك ده‌بینین، كه داوای به‌شداریكردن ده‌كه‌ن‌و قامك ده‌خه‌نه سه‌ر كاندیداتۆرێكی وه‌ك میهدی كه‌روبی ده‌بینین ئه‌و پیاوه كه‌مترین ده‌نگك له كوردستان ده‌هێنیت، رای به‌رێزت له‌و باره‌وه چیه؟
هۆکاری جۆراوجۆری هه‌یه. له‌ئاکامی زه‌بروزه‌نگ وتوندوتیژی کۆماری ئیسلامی و به‌ستنی هه‌موو رهوژهنێکی هه‌ناسه‌دانی سیاسیی له ده‌یه‌ی شه‌ستی هه‌تاوی به‌ولاوه له کوردستان ،پێوه‌ندیی ئۆرگانێکی نێوان خه‌ڵک وحیزبه سیاسییه‌کان لاواز کرا. حیزبه‌کان ناچاربوون روو له خه‌باتی چه‌کداری و خه‌باتی نهێنی بکه‌ن که ئه‌و شێوه خه‌باتانه‌ش به‌رته‌سکیی خۆی هه‌یه له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، لاگیری سیاسیی خه‌ڵک دابه‌ش بووه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک حیزب دا. له نێو ئه‌و حیزبانه‌شدا پارسه‌نگی هێز به جۆرێ نییه که تاکه حیزبێک(به پێچه‌وانه‌ی نموونه‌ی PKK له باکووری کوردستان) یان ته‌نانه‌ت دوو حیزب بتوانن زۆربه‌ی خه‌ڵک بێننه مه‌یدان. به‌شێک له خه‌ڵک بێلایه‌نن و به‌شێکیش به هه‌رهۆیه‌ک بێ به ده‌وری رێژیمه‌وه‌ن. هه‌روه‌ها پێشتر شه‌ڕی گه‌رم و‌ئێستا شه‌ڕی ساردی نێوان هێزه سیاسییه‌کان هۆکارێکی گرینگه له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا. ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان وێڕای پاراستنی جیاوازییه‌کانیان له بابه‌ته گرینگ و زیندووه‌کاندا، گوتار و هه‌ڵوێستیان یه‌کبخه‌ن، مه‌سه‌له‌که جۆرێکی دیکه‌ی لێدێ و بێگومان شوێندانه‌ر ده‌بێ. به‌ڵام که‌ئه‌وه له گۆڕێ‌دا نییه، خه‌ڵک به‌پێی تێگه‌یشتن وخوێندنه‌وه‌ی خۆی بڕیاری داوه نه‌ک هه‌ڵوێستی حیزبه‌کان. ئاخر زۆرجار خه‌ڵک خۆیان له باشترین کۆمه‌ڵناس وسیاسه‌تمه‌داره‌کان باشتر هه‌لومه‌رج ده‌خوێننه‌وه. به‌ڵام من له گه‌ڵ ئه‌م حوکمه ره‌هایه‌ی ئێوه‌ش‌دا نیم که له‌قاڵبی پرسیاره‌که‌دا داوتانه. به‌بۆچوونی من حیزبه‌سیاسییه‌کان سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، هه‌ڵوێست وبه‌یاننامه‌کانیان تاڕاده‌یه‌ک هه‌رچه‌ن لاواز له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه به جۆرێک وه‌رده‌گیرێ.
ئایا كۆمه‌لگای كوردستان ئه‌و ئاماده‌ییه‌ی تێدایه به‌شداری له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز بكا؟
خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان بۆ" ئازادی" و دژبه" دیکتاتۆری" و ره‌تکردنه‌وه‌ی سیسته‌می وه‌لایتی فه‌قیهی زۆر پێشتر له بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز ده‌ستی پێکردوه. ناوه‌ڕۆک و ئامانج وستراتیژی بزووتنه‌وه‌ی کورد له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز جیاوازیی قووڵی هه‌یه. به‌ڵام خاڵی هاوبه‌ش وقازانجی هاوبه‌شیشی تێدایه. بۆیه به بڕوای من کورد ده‌بێ وه‌ک " ده‌رفه‌ت" بڕوانێته بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزو چه‌مکی" که‌ڵکوه‌رگرتن" و" پشتیوانی"و"هاواهه‌نگی" م پێ دروستتره تا به‌شداری ساده. له‌و باوه‌ڕه‌دام که به‌شداری پاش رێککه‌وتنێک ده‌توانێ بێته ئاراوه. چوونکه بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز هه‌م به ته‌مه‌ن ساوایه، هه‌م به ناوه‌ڕۆک جیاوازه له هی کورد وهه‌م تائێستا هیچ شتێکی سه‌باره‌ت به مافه‌کانی کورد، تێدا به‌دی نه‌کراوه. مه‌رجیش نیه سه‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ، ماف و ئازادیی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێرانی به‌دوادا بێ. به‌پێچه‌وانه‌وه من پێموایه، به عه‌قڵیه‌تی سیاسیی رێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزه‌وه ، رۆژێک دوای سه‌رکه‌وتنی سه‌وز، بزووتنه‌وه‌ی کورد و ئه‌وان له به‌ر یه‌کدا راده‌وه‌ستن، تووشی ململانێ ده‌بن و هه‌رکام رێگای خۆیان ده‌ڕۆن. ئێوه ئه‌گه‌ر به‌یاننامه‌ی pak تان له‌ژێر سه‌ردێری" له‌پێناو به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی خه‌ڵکی ئێران و که‌ڵکوه‌رگرتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان له ده‌ره‌فت" که ده‌سپێشخه‌رییه‌که له خوێندنه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسیی و هه‌ڵوێست له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، خوێندبێته‌وه ده‌بیننن که ئێمه له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی بزووتنه‌وه‌ی کورد له عه‌ینی که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م ده‌رفه‌ته پێداده‌گرین و وێڕای پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌که، سپاردنی چاره‌نووسی خه‌باتی کورد به‌م بزووتنه‌وه‌یه و رێبه‌رایه‌تییه‌که‌ی و توانه‌وه تێیدا نه‌ک به قازانج، به‌ڵکوو به‌زیان ده‌بینین.
ئێمه پێمانوایه دروستبوونی که‌لێن له نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و قووڵبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه ناوخۆییه‌کانیان و دابڕانیان له یه‌ک، به قازانجی کورده، له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین تێکچوونی باری سه‌قامگیریی سیاسیی و کارگێڕی رێژیم به قازانجی کورده، پێمانوایه هه‌ستانی خه‌ڵک له تاران و شاره‌گه‌وره‌کانی دیکه‌ی ئێران و به "چالش" کێشانی رێژیم به هه‌ر راده‌یه‌ک و له لایان هه‌ر چین و توێژ و هێز و لایه‌ن و که‌سێکه‌وه، به قازانجه.
به گشتی ئێمه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که هه‌ر کات ده‌سه‌ڵات له ناوه‌ند تووشی لاوازیی ببێ، کورد ده‌رفه‌تی بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ. جا ئه‌و لاوازییه چ له ئاکامی قه‌یرانی سیاسی نێوخۆیی بێ، یان له ئاکامی گوشاری نێوده‌وڵه‌تی دا. باری کورد جۆرێ هه‌ڵکه‌وتووه که له لاوازیی ناوه‌ند دا ده‌توانێ هه‌ناسه بکێشێ و له‌و ده‌رفه‌تانه‌دا بڕیاری سه‌ربه‌خۆی خۆی بدا. بۆیه به بڕوای ئێمه، به هه‌ر شێوه‌یه‌ک و به هه‌ر رێگایه‌ک و به هه‌ر ئامانجێک و له لایان هه‌ر که‌س و هێزێکه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی ئێران لاواز ب‌کرێ، یان له ده‌ره‌نجام دا لاوازیی ناوه‌ندی لێ بکه‌و‌ێته‌وه، ده‌رفه‌ت بۆ کورد هه‌ڵده‌که‌وێ. ئه‌مه‌یه بنا‌خه‌ی فکریی سیاسه‌تی ئێمه له به‌شداری له هه‌ڵبژاردن و له پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز.
ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه ئیوه‌ش پێداچوونه‌وه بكه‌ن به سه‌ر روانینتان به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وزو به تایبه‌ت رێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز؟ پێتانوا نیه ده‌بێت كار بكرێت بۆ رادیكالیزه‌كردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه؟
ئێمه سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستمان له‌م باره‌وه روون بووه. سه‌رنج بده‌نه یه‌که‌م به‌یاننامه‌ی پاک پاش کووده‌تای خامنه‌یی- ئه‌حمه‌دی نژاد و دوایین به‌یاننامه‌مان له‌ژێر سه‌ردێڕی:" له‌پێناو به‌هێزکردنی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی وکه‌ڵک وه‌رگرتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان له ده‌رفه‌ت". ئێمه تائێستا له‌م باره‌وه شتێکمان نه‌گوتوه که پێویستی به پێداچوونه‌وه‌و گۆڕین بێ. سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانی ئێمه له هه‌ڵبژاردنه‌وه تاکوو ئێستا، سیستماتیک وپێکه‌وه‌گونجاو وپێوه‌نددار به‌یه‌ک بوون. ئێمه وه‌ک حیزبێکی نه‌ته‌وه‌یی که ئامانجمان وه‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌ریی سیاسیی کورده له روانگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه رووداوه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنین و هه‌ڵوێستیان لێ ده‌گرین، نه‌ک وه‌ک ئێرانیه‌کی " دێموکرات" و " سێکۆلار" و " کۆماریخواز" که وه‌ڵامی سه‌لامی من و تۆ به مه‌رجی سوێند خواردنمان به پابه‌ندیی به " حفظ تمامیت ارضی ئێران" ده‌ده‌نه‌وه. یان وه‌ک کۆمۆنیستێکی ئێرانی که دروستبوونی ده‌ڵه‌ته پچووکه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به زیانی چینی کرێکاری ئێران ده‌زانێ. نه دێموکراسی90 ساڵه‌ی تورکیه‌پرسی نه‌ته‌وه‌یی کوردی چاره‌سه‌ر کرد، نه سیسته‌می مۆدێڕن و سێکۆلاری ره‌زا شا و محه‌مه‌د ره‌زا شا و نه ده‌وڵه‌تی کۆماریی ئیسلامی .
له حاڵ حازردا رێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز چاک یا خراپ ئه‌وانه‌ن که هه‌ن. ئێمه سه‌باره‌ت به‌وان نه پێشتر و نه ئێسته‌ش تووشی" ته‌وه‌هوم" نه‌بووین. ئێمه ئه‌و چاوه‌روانییه‌مان له‌وان نه‌بووه و نییه و ئه‌و زه‌رفییه‌ته‌یان تێدانابینین که کۆماری ئیسلامئ بڕووخێنن و ئازادی و دێموکراسی و مافی نه‌ته‌وایه‌تی بۆ خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌کان به دیاریی بێنن. به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش رێبه‌رایه‌تییه‌کی دیکه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه نابینین. رادیکاڵ کردنی بزووتنه‌وه‌که‌ش به په‌لاماردانی موسوی و که‌روبی و خاته‌می نایه‌ته دی. با ئه‌وانه‌ی ئیدیعا ده‌که‌ن کرێکارانی ئێران له به‌ر فه‌رمانی ئه‌واندان ده‌ستووری مانگرتێکی به‌ر فراوانی چینی کرێکاری ئێران بده‌ن. من به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی باو، ئه‌وه به رادیکال بوون دانانێم که کۆمه‌ڵێک دروشمی زوو و پێشوه‌خت هه‌ڵگیرێ. من هه‌ر له‌و کاته‌دا که ئاره‌زوو ده‌که‌م هه‌ر به‌یانی کۆماری ئیسلامی ئاداری به سه‌ر پادارییه‌وه نه‌مێنێ و بڕووخێ، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ئێستا دروشم و ئه‌رکی رووخاندن هه‌ڵبگرێ. چوونکه هێشتا ئه‌وه‌نده خۆی نه‌گرتووه به‌رگه‌ی هه‌ڵگرتنی ئه‌م ئه‌رکه بگرێ. چه‌نده ناشێلگیری و دوو دڵی رێبه‌رانی زیان به مانه‌وه و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه‌که ده‌گه‌ێنێ، ئه‌وه‌نده‌ش دروشمی ناوه‌خت و هه‌نگاوی نه‌گه‌یشتوو زیانی پێ ده‌گه‌ێنێ و زه‌مینه و دۆخی دامرکانه‌وه و لێک بڵاو بوونی پێکد‌ێنێ. ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن به بێ موسوی و که‌ڕوبیش بزووتنه‌وه‌که درێژه‌ی ده‌بێ و رادیکاڵتر ده‌بێ، زیاتر ته‌عبیر له ئاره‌زووی خۆیان ده‌که‌ن و حوکمێکی جه‌برگه‌رایانه ده‌ده‌ن، تا لێکدانه‌وه‌یه‌کی واقعبینانه. بڕیار و هه‌ڵوێست وهه‌نگاوه‌کانی ئه‌و که‌سانه زیاترین کاریگه‌ریی له سه‌رهه‌ڵدان و درێژه‌ی بزوتنه‌وه‌که هه‌بووه. هه‌ر به‌و ته‌رزه‌ش ده‌توانێ له سه‌ر راوه‌ستان، سازش و پاشه‌کشه و ته‌نانه‌ت دامرکانه‌وه‌ی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌بێ.
پاك‌و حدك له هه‌لبژاردنه‌كانه‌وه جیاواز له حیزبه‌كانی دیكه سه‌یری رووداوه‌كانی ناو ئێرانیان كرد به‌ڵام له دواجارداو تا 22ی رێبه‌ندان جگه له كۆمه‌له‌ی كمونیست ئه‌وانیش بیركردنه‌وه‌یان وه‌ك ئیوه لێ هات، ره‌نگه لایه‌نێكی وه‌ك كۆمه‌له‌ی شۆرشگێر به وتاره‌كانی سكرتێره‌كه‌یه‌وه له ئیوه‌ش زیاتر چووبیته پێش به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز. ئیوه چون سه‌یری ئه‌و وه‌رچه‌رخانه ده‌كه‌ن؟
باشتروایه ئه‌و پرسیاره له خودی ئه‌و به‌ڕێزانه ب‌کرێ. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانم بڵێم که حدکا‌و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ له هه‌ڵبژاردنه‌وه تا ئێستا، له هه‌ڵوێسته‌کانیان دا چه‌پ و راستیان زۆر لێداوه. ئه‌مه به‌ڕاده‌یه‌کیش له‌سه‌ر حدک هه‌ر ره‌وایه.
من له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی حدکا، نه ئه‌وه به‌دروست ده‌زانم که رۆژێ به‌یه‌قینه‌وه بڵێی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردن دا به‌شدار نه‌بوون، دواتر بڵێی به‌داخه‌وه خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردندا به‌شدارییان کرد، چه‌لێک بڵێی ئه‌وه‌ی له تاران رووده‌دا کێشه‌ی باڵه‌کانی کۆماری ئیسلامیه وپێوه‌ندی به ئێمه‌ی کورده‌وه نییه، دواتر به‌جۆرێ به‌لای راست دا لاربییه‌وه که سیاسه‌تی به هێز کردنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز بگریته به‌ر و ئه‌رک و رێکاری بۆ دابنێی. ئه‌وه‌نده‌ش ئاسۆی سه‌رکه‌و‌تن به نزیک دابنێی که به بێ له به‌رچاگرتنی دۆخی واقعیی سیاسی و باری حقوقی مه‌سه‌له‌که و کاریگه‌ریی ده‌روونی له سه‌ر تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌و جۆره" لێبووردن" بۆ جاشه‌کان ده‌ربکه‌ی.
سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕیش هه‌ڵبژاردنی ته‌حریم کرد، پاشان که خه‌ڵک له تاران و چه‌ند شارێک هاتنه سه‌ر شه‌قام بۆ ئه‌وه‌ی به دوای" ده‌نگی خۆیان" دا بڕۆن، به‌په‌له داوای رژانه سه‌ر شه‌قامی له خه‌ڵکی کوردستان کرد و له‌دوایین هه‌ڵوێستیش دا له فۆڕموله‌کردنی داخوازه‌کانی کوردا داشکاندنی زۆری پێوه دیاره.
ئه‌وه‌نده‌ش که بۆ حدک ده‌گه‌ڕێته‌وه، زیاد له راده‌ی پێویست به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز خۆشبینه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌و پێداگرییه به‌رده‌وامه‌ی ئه‌م دواییانه‌یان له‌سه‌ر" مه‌ده‌نی" بوون و" ئاشتیخواز" بوون و به تازه‌گیش " لیبڕاڵ" بوونی حیزبه‌که‌یان له لایه‌ک و تا ئاستی ئاماده‌یی بۆ وتووێژ له سه‌ر شتی ناقابیلی وه‌ک ماده‌کانی 15 و 19 قانوونی بنه‌ڕه‌تی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ رێژیمێک که قه‌ڵه‌شتی تێکه‌وتووه‌و خه‌ڵک لێی رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان و له دژوارترین قه‌یرانی ته‌مه‌نی دایه، له‌گه‌ڵ لابردنی وشه‌ی" ئێران" و فڕێدانی که‌وڵی ئێرانچییه‌تی و له‌به‌ر کردنی به‌رگی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ڵگرتنی دروشمی کۆماری کوردستان، تێک ناکه‌نه‌وه.
به‌گشتی، له‌ماوه‌ی رابردوودا مل پێوه‌نانێک به‌ره‌و فارسه‌کان و حه‌ولدان بۆ له خۆ رازیی کردنیان له لایان هێندێ له‌و هێزانه‌وه به‌دی ده‌کرێ. هه‌ر وه‌ها جۆره" موزایه‌ده‌یه‌کی سیاسی" ده‌بیندرێ. من ئه‌م" وه‌رچه‌رخان" ه، به‌زیانی کورد و بزووتنه‌وه‌که‌ی ده‌زانم. ئه‌م وه‌رچه‌رخانانه ره‌نگه ده‌سکه‌وتی حیزبیی به دواوه بێ، به‌ڵام له سه‌ر حیسابی کورد و مافه‌کانی به ده‌ست دێن. چاره‌ی ده‌ردی ئێمه نه به‌ماده‌کانی 15 و19 ده‌کرێ، نه به موسه‌وی وکه‌ڕوبی و نه به عه‌لیڕه‌زا نوریزاده و ره‌زا په‌هله‌وی و سازمانی ئه‌کسه‌ریه‌ت. چاره‌ی ده‌ردی خۆمان لای خۆمانه. به بۆچوونی من له‌م وه‌رچه‌رخانانه‌ی ئه‌و حیزبانه‌دا، هێڵی نه‌ته‌وه‌یی لاواز و په‌تا کۆنه‌که‌ی" ئێرانچییه‌تی" ته‌شه‌نای هێناوه‌ته‌وه.
هه‌ست ناکه‌ی ده‌بێت 22ی ڕیبه‌ندانی ئه‌مساڵ به جۆرێک به پاشه‌کشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ناوبه‌رین له به‌رامبه‌ر حاکمیه‌ت دا؟
رێژیم به به کارهێنانی هه‌موو هێز و توانای و به ئه‌زموون له خۆپیشاندانه‌کانی 13 خه‌زه‌ڵور و 16 سه‌رماوه‌ز و رۆژی عاشوورا، توانی له 22 رێبه‌نداندا بارودۆخه‌که کۆنتڕۆڵ بکا و به‌ر به خۆپیشاندانی خه‌ڵک بگرێ. هه‌روه‌ها به‌و هه‌ڕه‌شه و توند و تیژییه‌ی له رۆژانی به‌ر له 22ی رێبه‌ندان نواندی، توانی به راده‌یه‌ک له ئیراده‌ی خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌که‌ش بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام که‌م بکاته‌وه. به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌و رۆژه ئاسایی تێپه‌ڕ نه‌بوو.
له لایه‌کی دیکه‌وه لاوازیی رێبه‌رایه‌تی چ له ئاستی سیاسی‌دا و چ له ئاستی دیاریی کردنی ڕێکاره‌کان و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئۆرگانیزاسێۆنێک که رێبه‌رایه‌تی و جه‌ماوه‌ر پێکه‌وه گرێ بدا و لاوازیی تاکتیکی خه‌باتی سه‌وزه‌کان که ته‌نیا پشتیان به یه‌ک شێوه/ خۆپیشاندانی سه‌ر شه‌قامه‌کان/ به‌ستووه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی رێژیم بتوانێ کۆنتڕۆڵی بار و دۆخه‌که بکا. به‌ڵام ئه‌وه به مانای کۆتایی قه‌یران و گه‌ڕانه‌وه‌ی باردۆخ بۆ به‌ر له هه‌ڵبژاردن نییه. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه درێژ خایه‌نه و هه‌وراز و نشێو به‌شێکه له تایبه‌تمه‌ندیی بزووتنه‌وه درێژخایه‌نه‌کان.
دوای 22 رێبه‌ندان پێتوایه حیزبه کوردییه‌کان ده‌بێت چۆن به‌رامبه‌ر به شه‌پۆلی سه‌وز هه‌ڵوێست بگر‌ن؟
من له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵوێسته‌کان پێداده‌گرم که نه‌ته‌وه‌یی و له سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی کورد و دوور له موزایده و یارگیریی له دژی یه‌ک و له سه‌ر حیسابی ئه‌مرۆ و پاشه‌رۆژی نه‌ته‌وه‌که‌مان بێ. من پێموایه ئه‌رکی هه‌ره له پێشی هێزه کوردستانییه‌کان دارشتنی ستراتیژی و گوتاری کورد به‌رانبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز و دیاریکردنی رێکاره‌کانی که‌ڵکوه‌رگرتن له درفه‌ته‌کان و رێبه‌رایه‌تی کردنی خه‌ڵکی کوردستانه له رووداوه‌کانی داهاتوودا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویستمان به پێکهێنانی کونفرانس یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌ر فراوانه که باردۆخه‌که‌ی تێدا تاوتوێ ب‌کرێ و گوتار و ستراتیژی روونی کوردی تێدا گه‌ڵاله ب‌کرێ.
|